سۆران عومەر: کۆتایی ئەم ساڵ عێراق پاکتاوی داهات و خەرجی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیران پێیڕاگەیاندوون کۆتایی ئەم ساڵ پاکتاوی ژمارەکانی پەیوەست بە داهات و خەرجییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن و ئەگەر بەغدا قەرزاری هەرێمی کوردستان بێت بەپێی یاسای بودجە شایستەکانی دەدرێتەوە، دەشڵێت: "سوودانی پێیگوتین لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان و یاسای نەوت و گاز کاری باشکراوە و هەوڵی چارەسەرکردنی کۆتایی ئەو کێشانە دەکەن."
رۆژی دووشەممە، 23-10-2023، سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری کە ئەندامێکی شاندێکی کۆمەڵی دادگەری بوو بۆ لای محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراقمان کرد، باسی ژمارەیەک تەوەرمان لەگەڵدا کردەوە لەوانە بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێیڕاگەیاندنین کە لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستان پاکتاوی ژمارەکان و داهات و خەرجییەکان دەکەن و ئەگەر بەغدا قەرزاری هەرێمی کوردستان بێت، ئەوا بەپێی یاسا بودجە پارەی دیکە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەگەر هەرێمی کوردستانیش قەرزاری بەغدا بێت ئەوا لە شایستە داراییەکانی ساڵی 2024ـی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت."
سەبارەت بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانیش، ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی دادگەری گوتی: "سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی جیاوازی لە ژمارەکان هەیە، بەتایبەت لە بابەتی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، وردبینی لە ژمارەی مووچەخۆرانیش کراوە، مووچەخۆرانی مەدەنی تەواوبوون و ئومێدی خواست هەرێمی کوردستان لە پێدانی ژمارەی فەرمانبەرانی سەربازی هاوکاریان بێت."
سۆران عومەر، کە لەگەڵ عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، رێبوار حەمەد، محەممەد حەکیم، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی دادگەری ، ئەمڕۆ دووشەممە، 23-10-2023، سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیان کردبوو، سەبارەت بە یاسای نەوت و گازیش گوتی: "سوودانی پێیگوتین هەوڵدەدەن بەزووترین کات یاسای نەوت و گاز ببەنە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی وەزیران و پەسەندبکرێت و دواتر رەوانەی پەرلەمان بکرێت، هەروەها پێیگوتین جیاوازی لە جۆری گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە نەوت و گاز هەیە و دەبێت چارەسەر بکرێن."
هەرێمی کوردستان، مانگانە پێویستی بە نزیکەی 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، جگە لە خەرجیی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا، بڕیارە ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروست دەبێت، لە داهاتی نێوخۆ پڕدەکرێتەوە.
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق، کە لە 26ـى حوزەیران کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى بکات، کە بۆ هەناردەکردن یان بۆ نێوخۆ بەکاریدەهێنێت، ئەوەش وەکو یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لەو بودجەیە کە زیاتر لە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارى بودجەى عێراق.
حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، بۆ تەواوی ئەمساڵ سێ گوژمەی 700 ملیاری بۆ مانگەکانی 9، 10 و 11ـی 2023 بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوان دابەشکردنی مووچە لە مانگی تەمموزەوە دەستپێدەکەن و مووچەکانی دیکەش بۆ مانگەکانی ئاب و ئەیلوول دەبێت.