وێنەیەک بۆ فەیسبووک لەسەر تاوەرێکی کارەبا مەرگێکی دڵتەزێنی بەدواوە بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

دایکی هەرگیز بە خەیاڵیدا نەدەهات کە دیارییەکەی بۆ کوڕیژگە بێباوکەکەی کە هێشتا 15 بەهاری تێنەپەڕاندبوو وای لێبکات کارێکی سەرکێشی بکات و بە شێوەیەکی ترسناک دوایی بە ژیانی بهێنێت.
 
رۆژی 20ـی کانوونی یەکەمی 2021 مستەفا مەهدی ساڵح لەگەڵ هاوڕێیەکیدا لە تل رومان لە بەشی راستی موسڵ بە تاوەرێکی کارەبایی تەزوو بەرزدا هەڵزنین. مستەفا بیری لای ئەوە بوو کە بە مۆبایلە نوێیەکەی ئەزموونی یەکەمین وێنەی بکات کە بچێتە سەر بەرزترین تاوەر تاوەکو لە هەژمارەکەیدا لە فەیسبووک بڵاوی بکاتەوە، بەو هیوایەی لەنێو هاوتەمەنەکانیدا بەناوبانگ ببێت.
 
دوور لە چاوەڕوانیی خۆی، مستەفا زۆر زیاتر بەناوبانگ بوو، بەڵام بە کارەساتێک کە بووە هۆی سووتانی بەسەر تاوەرەکەوە و مردنی خۆیی بەدوادا هات لە رۆژی شەممە لە نەخۆشخانە.
 
پاشنیوەڕۆی چوارشەممەی پێشوو مستەفا کە کوڕیژگەیەکی بێباوکە لە خێزانێکی هەژاری تل رومان، بە مۆبایلەکەی دڵخۆش و شادان بوو و لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بڕیاری دا بۆ گرتنی وێنەیەک بە بەرزترین تاوەری کارەبادا هەڵزنێن، بەڵام بەر لەوەی فریا بکەوێت وێنەکە بگرێت هێزی شەپۆلە کارەباییەکانی تاوەرە تەزوو بەرزەکە هەردوو لاقی تا بەشی سەرەوەی سکی سووتاند. پاشان لە دۆخێکی تەندروستیی نالەباردا بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە.
 
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی ناوچەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە دەنگێکی بەرزی بیستووە و "وایزانیوە تاوەرەکە تەقیوەتەوە. دواتر دیویەتی کە منداڵێک گڕی گرتووە و لە تاو ئازار هاوار دەکات 'ئەڵڵاهو ئەکبەر ... ئەڵڵاهو ئەکبەر.' بەدەمیەوە رامانکرد و ئۆتۆمبێلمان بۆ گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە ئامادەکرد."
 
ئەو پۆلیسە ئاماژەی بەوە دا کە هاوڕێی کوڕیژگە سووتاوەکە پێیگوتووە کە ئەمیش پەلەی بووە بە تاوەرەکەدا هەڵزنێت تا لە وێنەکەدا لەگەڵیدا بەشدار بێت، بەڵام دواکەوتووە و لە مەرگێکی مسۆگەر رزگاری بووە و بە چاوی خۆی ئەوەی بینیوە کە بەسەر مستەفادا هاتووە.
 
لە بەرامبەردا یەکێک لە خزمەکانی کوڕیژگەکە قسەی بۆ رووداو کرد و ئاماژەی بەوە دا کە شەش هاوڕێی دیکەی مستەفا لە نزیک بنکەی تاوەرەکەوە راوەستاون و گژنێ (تەحەدا)یان کردووە کە ناتوانێت بە تاوەرەکەدا هەڵزنێت و "ئەوەیش بووەتە مایەی ئەوەی مستەفا ناچار ببێت ئەو کارە بکات کە بانگەشەی کردووە. سەرباری ئەوەیش مستەفا لە کاتی وەرگرتنی گوتەیدا لە نەخۆشخانە رەتی کردەوە سکاڵا لە هاوڕێکانی بکات."
 

لەیس جەواری، خزمێکی مستەفایە و بە رووداوی گوت کە ئەو منداڵە بێباوکە و لە خێزانێکی هەژارە و لە خوێندنگەشدا زیرەک بووە. دایکی مۆبایلێکی نوێی بۆ کڕیوە. بەر لەوەی ئەو کارەساتە رووبدات لەیس هەژماری فەیسبووکی بۆ مستەفا داناوە. ویستوویەتی لەسەر بەرزترین تاوەر بە کووپێکەوە وێنە بگرێت و "لەگەڵ هاوڕێکانیدا کە نزیکەی شەش کەس بوون گرەوی کردووە. ئەوانیش گژنێ(تەحەدا)یان کردووە کە ناتوانێت سەر بکەوێت و وێنەکە بگرێت. ئەوەیش ئەوی وا لێکردووە لەسەر کارەکەی سوور بێت."
 
لەیس جەواری باسی لەوە کرد کە مستەفا برا گەورەی چوار کوڕی دیکەیە و خوشکێکی لە خۆی گەورەتری هەیە. ئەو لە دابینکردنی بژێویاندا یارمەتیی دایکی داوە و "دایکی لەگەڵ مۆبایلەکەدا پۆشاکی نوێی بۆ کڕیبوو، بەڵام بەر لەوەی بیانپۆشێت ژیانی جێهێشت."
 
جەواری ڤیدیۆیەکی دوو خولەکیی بۆ رووداو نارد کە ساتی ترسناکی سووتانی مستەفایە بەسەر تاوەرە کارەباییەکەوە و هاوار دەکات: "ئەڵڵاهو ئەکبەر ... ئەڵڵاهو ئەکبەر ... لا ئیلاهە ئیللەڵڵا."
 

رووداو پەیوەندیی بە بەرپرسێکی باڵای بەشی هێلەکان لە کۆمپانیای گشتیی گەیاندنی وزەی کارەبای باکوورەوە کرد و داوای کرد ناوی بڵاونەکرێتەوە و ئاماژەی بەوە دا کە رووداوەکە بووەتە هۆی ئەوەی کارەبا بۆ ماوەی دوو کاژێر بپچڕێت و زیان بە هێڵی مەنسوور و گۆڕەری کارەبای 1 و 2ی وێستگەی یەرمووک و هێڵی قەرەقووش لە رۆژهەڵاتی موسڵ و هێڵی حەمام عەلیل-تەلەعفەر بگەیەنێت.
 
ئەو بەرپرسەی کارەبا ئاماژەی بەوە دا کەتاوەرەکە تەلی دڕکاویی لێ پێچراوە تاوەکو گینلەبەران لێی نزیک نەبنەوە، "بەڵام رەنگە منداڵەکە ئەوانەی تێپەڕاندبێت."
 
تێکڕایی گواستنەوەی وزەی کارەبای تاوەرەکە کە بووە هۆی مردنی مستەفا 200 مێگاواتە و تەزووەکەیشی دەگاتە نزیکەی هەزار ئەمپێر.