عێراق دەستەی باڵای سەرژمێری گشتیی دانیشتووان دروستدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، دەستەی باڵای سەرژمێریی دانیشتووان و شوێنی نیشتەجێبوون بە سەرۆکایەتیی محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان دروستکردووەتەوە، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "ئەو دەستەیە پێشتریش هەبووە، تەنیا ئەوەیە وەزیری نوێ هاتووە و ساڵی نوێیە و لێژنەکە بە فەرمانێک نوێ دەکاتەوە."
رۆژی سێشەممە، 23-1-2023، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند؛ دووبارە دروستکردنەوەی دەستەی باڵای سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و شوێنی نیشتەجێبوون لە رۆشنایی کارنامەی حکومەت دێت کە جەختی لەسەر بایەخی جێبەجێکردنی سەرژمێریی گشتی دانیشتووان کردووەتەوە، دەستەکەش کار دەکات بۆ رەخساندنی بارودۆخ و کاتی گونجاو بۆ سەرژمێری.
دەستەکەی پێشوو نوێنەری ئەنجوومەنی نوێنەران و زۆربەی وەزارەتەکان و نوێنەری هەرێمی کوردستانیشی تێدابوو. ئەمە جگە لە ژمارەیەک پسپۆر و راوێژکار و مامۆستای زانکۆ لە نێو دەستەکەدا هەبوون.
سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەکە پێشتر هەبووە، بەڵام ساڵانە نوێ دەکرێتەوە، ئەمساڵ وەزیری نوێ هەیە و ساڵی نوێشە، لەبەرئەوە بە فەرمانێک پێکهێنراوەتەوە کە کاریگەریی هەیە بۆ سەر سەرژمێری گشتی و ئەنجامدانی."
سەبارەت بە سەرژمێریش کە بەپێی بڕیارەکانی پێشووی پلاندانانی عێراق بێت، دەبێت لە چارەکی کۆتایی ئەمساڵدا دەکرێت، سیروان محەممەد گوتی "بەزەحمەتی دەزانم بکرێت، چونکە هێشتا بودجە پەسەند نەکراوە و بودجەش بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری تەرخاننەکراوە، هەروەها پێداویستییەکانی دیکە هیچی ئەوتۆمان لەبەردەست نییە بۆ سەرژمێرییەکە."
عێراق لە نێوان ساڵانی 1927 تاوەکو 1997، هەشت سەرژمێری گشتی کردووە کە ئەم ساڵانەی خوارەوەیە:
- 1927
- 1934
- 1947
-1957
- 1965
- 1977
- 1987
- 1997
ئەمەی دوایینیان [1997] بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوو. لە دوایین سەرژمێریدا ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتە 19 ملیۆن و 184 هەزار و 534 کەس.
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2022 گەیشتووەتە 42 ملیۆن و 248 هەزار و 900 کەس، لەکاتێکدا ئەو پێشبینییانە بۆ ساڵی 2030 ئەوەیە دانیشتووانی عێراق بگاتە 51 ملیۆن و 211 هەزار و 700 کەس.