وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: هێزە سەربازییەکانمان لە عێراق دەمێننەوە


رووداو دیجیتاڵ 

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق دەمێننەوە."
 
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی گوت، "ئێمە بەردەوامین لەوەی لە نزیکەوە لە پەیوەندیدا بین لەگەڵ حکومەتی عێراق و زۆر روونیش بووین لەوەی کە ئەو گرووپانەی میلیشیایانەی نزیک لە ئێران بەردەوامن لەوەی نەک تەنیا هێزەکانی هاوپەیمانان، بەڵکو هێزەکانی عێراق دەخەنە ژێر مەترسییەوە و دەبێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت و ئەمریکاش وەڵامی گونجاوی دەبێت."
 
لەبارەی هێرشەکانی شەوی سێشەممەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند گرووپێکی چەکدار لە عێراق، ڤێدانت پاتێل دەڵێت، هێرشێکی پێویست و وردبوو بۆ سەر سێ پێگەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی دیکەی نزیکی ئێران لە عێراق. ئەو هێرشانە وەڵامێکی راستەوخۆیە بۆ ئەو زنجیرە هێرشانەی کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا."
 
بەگوتەی جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، "هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق دەمێننەوە. لەوێش شان بە شانی هێزە سەربازەکانی عێراق و لەسەر داوای حکومەتی عێراقیش لەوێین بۆ دڵنیابوون لە شکستی یەکجارەکی داعش."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی دیار کوردە و ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا 
 
رووداو: سوپاس ڤێدانت، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پۆستێکیدا رایگەیاندووە نامەیەکی زۆر گرنگیان لە حکومەتی ئەمریکاوە بەدەست گەیشتووە، لەوە تێدەگەم ئێوە لەبارەی وردەکاریی ئەو نامەیە قسە ناکەن، بەڵام بەگشتی، پەیام و نامەی ئێوە بۆ حکومەتی عێراق چییە، کاتێک دێتە سەر ئەو گرووپە میلیشیایانەی رۆژانە هێرشدەکەنە سەر ئێوە و ئێوەش وەڵامیان دەدەنەوە؟
 
ڤێدانت پاتێل: ئێمە، بەردەوامین لەوەی لەنزیکەوە لە پەیوەندیدابین لەگەڵ حکومەتی عێراق و زۆر روونیش بووین لەوەی ئەو گرووپە میلیشیایانەی نزیک لە ئێران بەردەوامن لەوەی نەک تەنیا هێزەکانی هاوپەیمانان، بەڵکو هێزەکانی عێراق دەخەنە مەترسییەوە، بۆیە دەبێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ئەمریکاش وەڵامی گونجاوی دەبێت، هەروەکو خۆت چاودێری دەکەیت دیار، شەوی سێشەممە هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی پێویست و وردیان بۆ سەر سێ بنکە کرد، کە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی دیکەی نزیکی ئێران لە عێراق بەکاریاندەهێنا. ئەو هێرشانە وەڵامێکی راستەوخۆن بۆ ئەو زنجیرە هێرشانەی کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا.  
 
رووداو: دڵنیانیم ئەگەر راگەیێندراوەکەی حکومەتی عێراقتان لە بارەی ئەو هێرشەوە بینیبێت، ئەوەی حکومەتی عێراق دەیڵێت، سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشەیە، هەروەها دەڵێن، ئەم هێرشە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق لەباردەبات، هەروەها رەفتارێکی شەڕانگێزانەیە بەرامبەر بە عێراق، بۆیە ئەگەر ئێوە لەوێن لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق، بۆچی هیچ هاوئاهەنگی و هەماهەنگییەکتان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانە، بەجۆرێک کە حکومەتی عێراق پێتان نەڵێت 'ئەم هێرشانەتان قبوڵکراو نین و هاوئاهەنگی نێوان ئێمە' و ئەمریکا لەباردەبەن؟ 
 
ڤێدانت پاتێل: با هەندێ شت لەسەر ئەو بابەتە بڵێم. یەکەم، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق دەمێننەوە. شان بە شانی هێزە سەربازەکانی عێراق و لەسەر داوای حکومەتی عێراقیش لەوێین بۆ دڵنیابوون لە شکستی یەکجارەکی داعش. سەرنجیشت بۆ ئەوە رادەکێشم کە بەهیچ شێوەیەک لێکچوونێک لەنێوان ئەو هەنگاوانەی ئەمریکا گرتوونەتییەبەر کە پاراستنی کارمەندان و سەربازانی عێراقی و هاوپەیمانانە نییە لەگەڵ ئەو هێرشانەی گرووپە میلیشیاکانی نزیکی ئێران لە عێراق کردوویانە. دووبارە ئێمە بەرگری لە خۆمان دەکەین بۆ پاراستنی کارمەندانمان و ئەو گرووپانەی نزیکی ئێرانیش خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج. 
 
رووداو: ئێوە پێشێلی سەروەریی عێراق دەکەن وەک حکومەتی عێراق دەڵێت پێشێلتان کردووە؟
 
ڤێدانت پاتێل: دووبارە، تەنیا ئەوە دەڵێم، ئێمە لە عێراقین لەسەر داوای سوپای عێراق و هیچ دوودڵیش نابین کە هەنگاوی گونجاو بگرینەبەر بۆ پاراستنی سەرباز و کارمەندانمان و کارمەندانی هێزە سەربازییەکانی عێراق.