عێراق 100 هەزار تۆن بەنزین هاوردە دەکات و 104 ملیار دینار بۆ کارەبا تەرخان دەکات


رووداو  دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی دۆخی نائاسایی سووتەمەنی و چەند پرسێکی ئەمنی و خزمەتگوزاری کۆدەبێتەوە. بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە کە دەست رووداو کەوتووە، حکومەت بڕیار لەسەر هاوردەکردنی 100 هەزار تۆن بەنزین و تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ وێستگەکانی کارەبا دەدات.
 
رۆژی سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، 112یەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا هاتوون، کەرتی نەوت و سووتەمەنی لە لوتکەی کارەکاندا دەبێت.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق داوای بڕیاری بەپەلە دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی جەنگ لە ناوچەکەدا. گرنگترین خاڵەکانی ئەم تەوەرە بریتین لە:
 
- رەزامەندی لەسەر گرێبەستێکی بەپەلە بۆ هاوردەکردنی 100 هەزار تۆن بەنزین؛ ئەمەش وەک قەرەبووی ئەو بارە سووتەمەنییانەی بەهۆی "بارودۆخی جەنگ"ـەوە نەگەیشتوونەتە عێراق.
 
- هەموارکردنی ماوەی هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە دوو مانگەوە بۆ شەش مانگ.
 
- درێژکردنەوەی ماوەی رێپێدراو بۆ دەرهێنانی کەلوپەلە نەوتییەکان لە گومرگەکان لە 10 رۆژەوە بۆ 30 رۆژ.
 
104 ملیار دینار بۆ کارەبا و پڕۆژەی پێوەری زیرەک
 
لە تەوەرێکی دیکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر داواکارییەکانی وەزارەتی کارەبا دەدات بە مەبەستی رێگریکردن لە پچڕانی تەزووی کارەبا، لەوانە:
 
- تەرخانکردنی 104 ملیار دینار بۆ کڕینی ماددە کیمیاییە پێویستەکان بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان.
 
- تاوتوێکردنی پڕۆژەی "پێوەری زیرەک" بۆ تۆڕی کارەبای بەغدا، بە ئامانجی رێکخستنەوەی کۆکردنەوەی داهات و کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی وزە.
 
هاتووچۆ، تەندروستی و کشتوکاڵ
 
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، بڕیارە گۆڕانکاری لە شێوازی کارکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ بکرێت و ئەرکی دانانی هێماکانی هاتووچۆ و مۆبێلکردنی شەقامەکان بە فەرمی رادەستی "بەڕێوەبەرایەتی ئەندازیاریی هاتووچۆ" بکرێت.
 
لە کەرتی کشتوکاڵیشدا، یاسای وەبەرهێنان هەموار دەکرێتەوە؛ بەجۆرێک ئەو پڕۆژە کشتوکاڵیانەی رووبەرەکەیان لە پێنج هەزار دۆنم زیاترە، پێویستیان بە رەزامەندیی راستەوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت.
 
بودجەی 2026 و چاکسازیی ئابووری
 
لە بەشێکی دیکەی کارنامەکەدا، جێبەجێکردنی رێنماییەکانی سەرۆکوەزیران بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکانی دەوڵەت لە بودجەی ساڵی 2026دا تاوتوێ دەکرێت، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ چاکسازیی ئابووری و دارایی.