دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی ئایاری 2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چوار سکاڵا کۆببێتەوە کە دوو سکاڵایان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و یەکێک لەوان تایبەتە بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کە بە ئامادەبوونی نوێنەری یاسایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەبێت و نوێنەر و راوێژکارانی یاسایی پەرلەمانی کوردستان ئامادەنابن.
 
بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت، "نوێنەرەکەی ئێمە لە دانیشتنەکەدا دەڵێت کۆمیسیۆنی عێراق دەتوانێت سیستم و رێنماییەکان دەربکات، بەڵام سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن لە تایبەتمەندێتیی کۆمیسیۆنی هەرێمی کوردستانە."
 
تیمی یاسایی پەرلەمانی کوردستان ئامادەی دانیشتنەکە نابن
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی ئایاری 2023 دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی چوار بابەتی جیاواز کۆببێتەوە کە دووانیان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە. یەکێکیان پەیوەستە بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و لەسەر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکراوە؛ ئەوی دیکەیان تایبەتە بە داواکردنەوەی پارەی کۆبۆنی 18 ساڵی خۆراکی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
 
وریا سەعدی، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی سکاڵای پەیوەست بە درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەبوونیان لە دانیشتنەکەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە دوای راوێژ بڕیارماندا بەشداری لە دانیشتنەکەی رۆژی چوارشەممەی دادگەی فیدراڵی نەکەین، چونکە ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە لە پێشکێشکردنی بەڵگەنامە و بەرگریکردنی یاسایی کردوومانە؛ هەموو شتەکانمان داوە بە دادگە و چوون و نەچوونمان وەکو یەک وایە و ئامادەبوونمان پێویست نییە."
 
سەبارەت بەوەی ئایا ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیار لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمان دەدات کە تاوەکو ئێستا پێنج جاری دواخستووە، دەڵێت، "هێشتا روون نییە. لە کۆبوونەوەی پێشتریدا دادگەکە بڕیاریدا بۆچوونی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، ئیدی نوێنەری کۆمیسیۆنی هەڵبژادنی عێراق لە کۆبوونەوەکە ئامادە دەبێت و بۆچوونی خۆی دەدات." 
 
رۆژی 9ـى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات.
 
سکاڵاکە بە ناوى سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق پێشکێشکراوە، دوای ئەوەى لەگەڵ سێ سکاڵاى دیکەدا یەکخران کە لە لایەن یوسف محەممەد، سەرۆکى پێشووى پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان پێشکێش کرابوون.
 
سکاڵاکار لەو سکاڵایەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9-10-2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە پاساوی "ناکۆکبوونی" لەگەڵ هەردوو مادەی 5 و 20ـی دەستووری عێراق، جگە لەوەش لە داواکەدا هاتووە، "مافی دەستووری دیاریکراو لە مادەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات." 
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق: نوێنەری یاساییمان روونکردنەوەکانی ئێمە بە دادگە رادەگەیێنێت
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی وەڵامی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقی داوەتەوە کە لە دانیشتنی رابردوویدا و لە رۆژی 7ـی ئایاری 2023، داوای بۆچوونی لێکردبوو لەبارەی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
لە نووسراوەکەدا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت، "بەپێی مادەی 1ی یاسای ژمارە 31ـی ساڵی 2019ی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و بڕگەی دووی مادەی 18 و بڕیاری ژمارە 165 و هاوتاکانی 160ـی فیدراڵیی ساڵی 2022 دادگەی باڵای فیدراڵی، رۆڵی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بریتییە لە دەرکردنی ئەو سیستم و رێنماییانەی پشتیان پێ دەبەستێرێت لە هەڵبژاردن، رێکخستن و سەرپەرشتیکردنی، چونکە بەپێی مادەی 102ـی دەستووری ساڵی 2005 ـی عێراق دەسەڵاتی هەڵبژاردن فیدراڵییە."
 
رۆژی چوارشەممە 24-5-2023، هیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لەبارەی نووسراوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نوێنەری یاسایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی دادگەی فیدراڵی ئامادە دەبێت و ئەوەی لە روونکردنەوەکەمان هاتووە بە دادگەکەی رادەگەیێنێت؛ بابەتەکە ئاڵۆزە، بەڵام ئێمە ئەوە دووپات دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان کۆمیسیۆنی خۆی هەیە و باشترە ئەو هەڵبژاردنەکە بکات، ئێمە دەتوانین سیستم و رێنماییەکان دەربکەین و هاوکار بین."
 
رۆژی 22-05-2023، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان گرژی تێکەوت. فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان پێشتر گوتبووی، دانیشتنەکە دواخرا و پەرلەمانتارانی یەکێتی چوونە سەر سەکۆ و کێشە و شەڕ دروست بوو و دەڵێن، کۆمیسیۆن کارانەکراوەتەوە. دواتر هەر یەکە لە سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی بە جیا نووسراویان بۆ دامەزراوەکان کرد. 
 
ماوەی یاسایی ئەندامێتی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە رۆژی 23-12-2019ـەوە تەواو بووە، بۆیە تاوەکو کۆمیسیۆن کارا نەکرێتەوە ناتوانێت سەرپەرشتی هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردن بکات، بەڵام رۆژی سێشەممە 23-5-2023، بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە، هەرچەندە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، ئەو بڕیارە نایاساییە.
 
دادگەی فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکی دیکەش دژی کوردستان کۆدەبێتەوە
 
هەر رۆژی چوارشەممە 24ـی ئایاری 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەک دەکات کە بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى گشتیى بازرگانیى خۆراکى حکومەتى فیدراڵیی عێراق دژى هەریەک لە وەزیرى بازرگانی و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان و بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانی تۆماری کردووە. لە سکاڵاکە داوا دەکات، "ئەو پارەیە بگەڕێننەوە کە لە ئەستۆیاندایە و تایبەتە بە بەشەخۆراکى مانگانە کە لە 1ـى کانونى دووەمى 2004 تاوەکو 30ـى ئەیلوولی 2021 لە هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستانیان وەرگرتووە."
 
کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، وەزارەتەکانی بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو دۆسیەیەیان داخست، دوای گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە. بەگوێرەى رێککەوتنى نێوان هەردوولا، سێ هەژمارى بانکى لە سلێمانی، هەولێر و دهۆك کرانەوە بۆ ئەوەى پارەى بەشەخۆراکى مانگانەى هەرێمى کوردستانییان تێدا هەڵبگیرێت.
 
نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو سکاڵایەوە رایگەیاند، چاوەڕوان دەکەن وەکو جارەکانی دیکە دانیشتن لەسەر ئەو بابەتە دوابخرێت.
 
26 سکاڵا دژی هەرێمی کوردستان
 
تەنیا لە ساڵى 2022دا 245 سکاڵا لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تۆمارکراون.
 
ئەگەرچی پێش ساڵی 2020 سکاڵاکان دژی هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵیی عێراق زۆر کەم بوون، بەڵام ماوەی دوو ساڵە 26 سکاڵا دژی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون؛ لەو ژمارەیە 18یان هاونیشتمانییان دژى دامەزراوەکانی هەرێمى کوردستان تۆماریان کردوون و هەشتیشان هاووڵاتییانی عەرەب دژى هەرێمى کوردستان تۆماریان کردوون.
 
لەو سکاڵایانەی یەکلایی بوونەتەوە هەرێمى کوردستان نۆ سکاڵاى بردووەتەوە و سیانى دۆڕاندووە.
 
سکاڵاکان لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دژی نەوتی کوردستان و یاسای نەوت، ماوەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، مووچە، مادەی 140، 200 ملیاری بەغدا کە بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت، پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار و پاشەکەوتی مووچە و خانووبەرە و شتی دیکەش هەیە.
 
کاریگەرترین بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق دژى هەرێمى کوردستان بڕیارەکەی رۆژی 15ـی شوباتی 2022 بوو لەبارەی دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و بە "نادەستووریی" ناساندی، داواشی لە هەرێمی کوردستان کرد داهاتی نەوتی بەرهەمهێندراو رادەستی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بکات. 
 
لە ساڵی 2023دا 7 سکاڵا تۆمارکراون
 
جگە لەو سکاڵایانەی لە ساڵی رابردوودا دژی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و بۆ ئەمساڵ دواخران، لەساڵی 2023دا ژمارەیەک سکاڵای نوێ دژی هەرێمی کوردستان و هاونیشتمانییان کە بەرپرسیارێتییان لە عێراق هەیە تۆمارکراون؛ سکاڵاکان پەیوەندییان بە بابەتاکانی ناردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، کورسیی پێکهاتەکان، پاشەکەوتی مووچە، خانووبەرە، خواردنەوە کحولییەکان و پەیوەندیی باوک و کوڕ دوای جیابوونەوەی هاوژینەکان بوون؛ سکاڵاکان بەمشێوەیە بوون:
 
- سکاڵایەک لەلایەن سەعید فەرەج و چەند کەسێکی دیکە لەسەر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە مووچەی بڕدراوی چاودێری کۆمەڵایەتی و بڕیار لە بەرژەوەندیی سکاڵاکار درا.
 
- سکاڵایەک لەلایەن پەرلەمانتار سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە تایبەت بە یاسای هەڵبژاردن و مافی پێکهاتەکانی ئێزدی، سابیئە، کاکەیی، شەبەک، فەیلی و زەردەشتی و دابینکردنی کورسی بۆیان، بەڵام لەلایەن دادگەی فیدڕاڵییەوە رەتکرایەوە بەپاساوی ئەوەی لە تایبەتمەندێتیی ئەوان نییە.
 
- سکاڵایەک لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد دژی هەرێمی کوردستان بەپاساوی نایاساییبوونی ئەو پارەیەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی داوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؛ سکاڵاکە لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تۆمارکراوە.
 
- سکاڵایەک لەسەر کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان تایبەت بە بڕیاری ژمارە 100ـی ساڵی 1987ـی هەموارکراو کە پەیوەندیدارە بە خانووبەرەی حکومەتەوە.
 
- سکاڵا دژی بڕگەی چواری مادەی 57ـی یاسای ژمارە 188ـی ساڵی 1959 کە باس لە پەیوەندیی نێوان باوک و کوڕ لەکاتی جیابوونەوەی هاوژینەکان دەکات؛ سکاڵاکە لەسەر لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق تۆمارکراوە.
 
- سکاڵا لەبارەی یاسایی شارەوانەکانی ژمارە یەکی ساڵی 2023ـی عێراق کە ماددەیەکی تایبەتە بە قەدەخەکردنی خواردنەوە کحولییەکان و لەسەر لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق تۆمارکراوە.
 
- سکاڵایەک لەسەر پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆران کە لەساڵی 2014ەوە دەستیپێکرد و بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەردەوام بوو؛ فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق سکاڵاکەیان کردووە.