بەرگریی شارستانیی عێراق: زیاتر لە 1800 شوێن بەهۆی سەرپێچییەوە دراونەتە دادگە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرجەکانی سەلامەتی، زیاتر لە 1800 شوێن و دامەزراوەیان رووبەڕووی دادگە کردووەتەوە و زیاتر لە 11 هەزار شوێنیشیان داخستووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-05-2026، نوئاس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی سەرپێچیکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی، تاوەکو ئێستا 1885 شوێن و دامەزراوەمان داوەتە دادگە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانی، پارێزگای ئەنبار بە تۆمارکردنی 2747 سەرپێچی لە پلەی یەکەمدایە، دوای ئەویش پارێزگای بەسرە دێت بە 1501 سەرپێچی، هەروەها لە کەرتی رەسافەی بەغدا 1398 باڵەخانە وەک سەرپێچیکاری مەرجەکانی سەلامەتی تۆمارکراون.
 
نوئاس سەباح شاکر تیشکی خستە سەر رێکارە کارگێڕی و یاساییەکان و گوتی: "11 هەزار و 70 شوێن و دامەزراوە بەهۆی سەرپێچییەوە داخراون، هەروەها 6008 سزای پێبژاردن بەسەر ئەو شوێنانەدا سەپێندراوە، کە مەرجەکانی سەلامەتییان تێدا نەبووە."
 
ئەم رێکارانەی بەرگریی شارستانیی عێراق لە کاتێکدایە، لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی پابەندنەبوونی باڵەخانە و پڕۆژەکان بە رێنماییەکانی خۆپارێزی و سەلامەتی.
 
لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا بەراورد بە پار، رێژەی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق 85% کەمیکردووە.  لە ساڵی 2025دا نزیکەی پێنج هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق تۆمارکراون، لە ساڵی 2023دا ژمارەکە گەیشتبووە زیاتر لە 32 هەزار رووداو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە