بەرپرسێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی: پڕۆژەی 'هاوپەیمانیی بەهێزەکان' کۆتاییهات و دروست ناکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان رایگەیاند، بیرۆکەی دروستکردنی "هاوپەیمانیی بەهێزەکان" وەک پڕۆژەیەکی "بە مردوویی لەدایکبوو" کۆتاییهات و دروست ناکرێت، ئەوەش لەپێناو پاراستنی یەکڕیزیی نێو چوارچێوەکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-05-2026، ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "راستە پێشتر بیرۆکەی دروستکردنی هاوپەیمانیی بەهێزەکان لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا هەبوو، بەڵام پێش ئەوەی لەدایک ببێت، مرد."
سەبارەت بە هۆکاری پاشەکشەکردن لەو بیرۆکەیە، مەساری گوتی، هەندێک لە سەرکردەکان پێیانوابوو دروستکردنی ئەو هاوپەیمانییە دەبێتە هۆی جیابوونەوەی زیاتر لە نیوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لە ئەنجامدا "دوو چوارچێوە" دروست دەبن.
ئەو بەرپرسەی رێکخراوی بەدر گوتیشی: "لەبەرئەوەی ئەو بیرۆکەیە دەبووە هۆی دابەشبوونی چوارچێوەکە، بۆیە وازی لێهێنرا."
هاوپەیمانییەکە، بڕیار بوو لە دەوڵەتی یاسا ( نووری مالیکی)، رێکخراوی بەدر (هادی عامری)، ئەبشیر یاعێراق ( هومام حموودی)، عەقدی نیشتمانی (فالح فەییاز) و بزووتنەوەی سۆمەریون ( ئەحمەد ئەسەدی) و هاوپەیمانی ئەساسی عێراقی ( موحسین مەندەلاوی) و چەند هێزێکی دیکە پێکبێت. لە بەرامبەردا هاوپەیمانییە رانەگەیێندراوەکەی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی محەممەد شیاع سوودانی، رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عەمار حەکیم و سادیقوونی قەیس خەزعەلی و پارتی تەقەدووم( محەممەد حەلبووسی) و یەکێتیی نیشیتمانیی کوردستان ( بافل تاڵەبانی).
نووری مالیکی بە ئەندازیای هاوپەیمانییە نوێیەکە دادەنرا، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە کاتی دەنگدان بە کابینەی حکومەت، هەردوو وەزیرەکەی رەتکرانەوە.
هەر لەوبارەوە، عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ شتێک بەناوی هاوپەیمانی بەهێزەکان نییە".
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی گوتی، دوێنێ شێخ هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق ئەم بابەتەی روونکردەوە و رەتیکردەوە.
هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لە گوتارێکدا لە کاتی بەشداریکردنی لە "کۆڕبەندی گفتوگۆ" ئێوارەی رۆژی شەممە، 23ی ئایار2026 رایگەیاند، "هیچ هاوپەیمانییەک بەناوی (بەهێزەکان - الأقوياء) نییە و هەر لایەنێک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بچێتە دەرەوە، خۆی زیانمەند و دۆڕاو دەبێت."
هومام حەموودی پێیوایە یەکڕیزیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە کاتییەکانە و گوتی، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی هێڵی سوورە. هەر هاوپەیمانییەک لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێت رەتدەکرێتەوە؛ هەروەها تەواوکردنی کابینەی وەزاریش دەبێت لە رێگەی رێککەوتنی هێزەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بێت."
عەقدی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی فالح فەیاز، ئەحمەد ئەسەدی سەرۆکی سۆمەرییون لە 15ی ئایار لە فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی محەممەد شیاع سوودانی جیابوونەوە، بەپاساوی ئەو پشێوییەی لە کۆبوونەوەی متمانەدان بە حکومەت لە پەرلەمان لە 14ی ئایار دروست بووە.