عەمار حەکیم: دەتوانرێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سفر بکرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە رایگەیاند، دەتوانرێت سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی سفر بکرێنەوە، هەر کاتێک ئیرادەیەکی راستەقینە بۆ چارەسەر بەگوێرەی دەستوور و یاسا هەبێت.
 
ئەو گوتانەی عەمار حەکیم لە کاتی کۆبوونەوەیدا بووە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لە بەغدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئایاری 2026 ئەنجامدرا.
 
بەگوێرەی نووسینگە رۆژنامەڤانییەکەی، عەمار حەکیم رایگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە گرنگیی هاوئاهەنگیی هەڵوێستەکان کردووە بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەری سەرکەوتوو بۆ هەموو کێشەکان، بەتایبەت قەیرانی ئابووری، ئەوەش لە رێگەی فرەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەی نەوتی عێراق و سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی.
 
لە 23ی ئایارەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندە یاوەرەکەی سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆک و سەرکردەی ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییە شیعە و سوننەکان کۆبوونەوە.