لە تەقینەوەیەکدا سێ کارمەندی دژە تیرۆری عێراق کوژران
رووداو دیجیتاڵ
سێ کارمەندی دژە تیرۆری عێراق بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی چەکدارانی داعش لە نەینەوا کوژران و چواری دیکە بریندار بوون.
تەقینەوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئایاری 2026 لە ناوچەی حەزەر لە سنووری پارێزگای نەینەوا روویداوە.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو هێزەی دژە تیرۆری عێراق لە هەڵمەتی کێوماڵکردندابوون لەو ناوچەیە کە ماوەی چەند رۆژێکە دەستیان پێکردووە.
دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، کوژرانی ئەو کارمەندانەیان بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی پاشماوەی رێکخراوی داعش بووە لە باشووری رۆژئاوای نەینەوا.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند: شوێنی رووداوەکە بیابانە و بەر لە دوو ساڵ چەند جارێک چەکدارانی داعش لەو ناوچەیە بینراون.
لە ساڵی 2014 تاوەکو 2017 رێکخراوی داعش شاری مووسڵ و بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی دیکەى سنووری پارێزگای نەینەوای لەژێر دەستدا بوو.