هومام حەموودی: چوارچێوەی هاوئاهەنگی هێڵی سوورە و ئەوەی لێی دەربچێت دۆڕاوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق رایدەگەیێنێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی هێڵی سوورە و رێگە بە دروستبوونی هیچ هاوپەیمانییەک نادەن، کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر یەکگرتوویی و یەکدەستیی چوارچێوەکە؛ دەشڵێت: "هەر کەسێک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بچێتە دەرەوە، دۆڕاوە."
هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لە گوتارێکدا لە کاتی بەشداریکردنی لە "کۆڕبەندی گفتوگۆ" رۆژی شەممە، 23ی ئایار2026 رایگەیاند، "هیچ هاوپەیمانییەک بەناوی (بەهێزەکان - الأقوياء) نییە و هەر لایەنێک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بچێتە دەرەوە، خۆی زیانمەند و دۆڕاو دەبێت."
هومام حەموودی پێیوایە یەکڕیزیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە کاتییەکانە و گوتی، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی هێڵی سوورە. هەر هاوپەیمانییەک لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێت رەتدەکرێتەوە؛ هەروەها تەواوکردنی کابینەی وەزاریش دەبێت لە رێگەی رێککەوتنی هێزەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بێت."
ماوەیەکە لە پەرلەمانی عێراق باس لە دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نوێ دەکرێت بە ناوی (هاوپەیمانیی بەهێزەکان)، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پشت هەوڵەکەیە، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە کاتی دەنگدان بە کابینەی حکومەت، هەردوو وەزیرەکەی رەتکرانەوە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی دەڵێت، رێگە نادەن هەڵەکانی رابردوو دووبارە ببنەوە و پێویستە رێگری لەو هەڵمەتە راگەیاندنانە بکرێت کە ئامانجیان درزخستنە نێو یەکڕیزیی نیشتمانییە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا. گوتیشی، "یەکڕیزیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەولەویەتێکی نیشتمانییە و هەر هەنگاوێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە، دوورە لە واقیعی سیاسی."
عەقدی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی فالح فەیاز، ئەحمەد ئەسەدی سەرۆکی سۆمەرییون لە 15ی ئایار لە فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی محەممەد شیاع سوودانی جیابوونەوە، بەپاساوی ئەو پشێوییەی لە کۆبوونەوەی متمانەدان بە حکومەت لە پەرلەمان لە 14ی ئایار دروست بووە.