مەسرور بارزانی و سوودانی: کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی هاریکاریی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی کرایەوە.
لە بەردەوامیی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لە بەغدا، ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا دۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە بە گشتی تاوتوێ کرا؛ هاوکات جەخت لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرایەوە بە ئامانجی چەسپاندنی سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتدا.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پێشوازییەکی گەرم لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات pic.twitter.com/5H4LSnC4Lx
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 24, 2026
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، ئەوەش بەپێی بنەماکانی دەستوور، رێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.