رووداو دیجیتاڵ
دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراوی پاشماوەکانی داعش لە بیابانی حەزەر لە پارێزگای نەینەوا، 3 چەکداری هێزەکانیان گیانیان لەدەستداوە و 4ی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئاشکرایکرد، لە چوارچێوەی کەمپینەکانی پشکنینی مەیدانی کە لە لایەن هێزەکانیانەوە لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات بەڕێوەدەچێت، گرووپێک لە چەکدارانیان لە بیابانی حەزەر لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، رووبەڕووی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بوونەتەوە لە پاشماوەکانی داعش.
بەپێی راگەیێندراوەکە، تەقینەوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 3 چەکدار و برینداربوونی 4ی دیکە لە هێزەکانی سەر بە دەزگای دژەتیرۆر، کاتێک لە جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانیی خۆیاندا بوون لە ناوچەکە.
دەزگای دژەتیرۆری عێراق هاوکات لەگەڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان، جەختی لەسەر بەردەوامیی ئەرکەکانی کردەوە و رایگەیاند: "خوێنی پاکی ئەم قوربانییانە دەبێتە هاندەرێک بۆ ئێمە تاوەکو بەردەوام بین لە راوەدووڕانی پاشماوەکانی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ