مەسرور بارزانی و نووری مالیکی جەخت لە کارکردنی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان دەکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا کۆبوونەوە، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر کارکردنی هاوبەش لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
 
لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا، ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئایاری 2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "هەردوولا هاوبۆچوون بوون لەسەر کارکردنی هاوبەش لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستن و پێشخستن و راستکردنەوەی رێڕەوی پرۆسەی سیاسی، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە پرەنسیپەکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازانی نیشتمانی و پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان."
 
رۆژی شەممە 23ی ئایاری 2026 مەسرور بارزانی گەیشتە بەغدا، لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. جگە لەو دوو کۆبوونەوەش، چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەی ئەنجامدا.
 
ئەمڕۆش درێژەی بە کۆبوونەوەکانی دا و لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس و سەرکردەی دیکەی عێراق کۆبووەوە.