ئاگر لە بازاڕی سنەکی بەغدا کەوتەوە؛ 15 کۆگە سووتاون
رووداو دیجیتاڵ
لە پلەی گەرمای 43ـدا، ئەمڕۆ ئاگر لە بازاڕێکی گەورە و بەنێوبانگی بەغدا کەوتەوە، کە پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێلی تێدا دەفرۆشرێت، بەهۆیەوە 15 کۆگە بەتەواوی سووتان.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لە بازاڕەکەوە گوتی "15 کۆگەی کەلوپەل و پێداویستیی ئۆتۆمبێل بەهۆی ئاگرەکەوە سووتان، کە بە 10 تیمی ئاگرکوژێنەوە خەریکی کۆنترۆڵکردنی بوون."
شایەتحاڵێک بە رووداوی گوت ''هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە."
بازاڕەکە ناوی سنەک ـە، بازاڕێکی زۆر گەورەیە لەسەر ئاستی بەغدا و عێراقیش.
هەڵکەوت عەزیز هەروەها دەڵێ "کۆڵانەکانی بازاڕەکە تەسکن، بۆیە تیمەکانی بەرگریی شارستانی و خەڵکیش لە سەربانەکانەوە خەریک بوون بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، کە دوای پێنج کاژێر، کۆنترۆڵ کرا."
زۆربەی بریکارەکانی براندەکانی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکە نووسینگەیان هەیە. پەیامنێری رووداو دەشڵێ "زۆربەی دووکاندار و فیتەرەکانی هەرێمی کوردستانیش لێرەوە پێداویستییەکانی ئۆتۆمبێل دابین دەکەن."
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق داوای لە عەبدولئەمیر شممەری، وەزیری ناوخۆ کردووە لێکۆڵینەوە لە ئاگرکەوتنەوە و سووتانی نەخۆشخانە، بازاڕ، دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکان دەستپێبکات و، هۆکار و سرووشتی ئەو ئاگرانەیان بۆ شیبکاتەوە. لیژنەکە 15 رۆژیش مۆڵەتی داوەتە وەزیر بۆ ئەوەی راپۆرتەکەی بۆیان بنێرێت.
مەهدی تەقی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت "ئەمساڵ ژمارەی ئاگرکەوتنەوە زیادیکردووە، هەستدەکرێت هەوڵێک بۆ تێکدانی ئابووریی عێراق و زیانپێگەیاندنی هەیە، دەبێت لێکۆڵینەوەی ورد و جیدی لەو بابەتە بکرێت."
بەگوێرەی بەرگریی شارستانیی عێراق، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 13 هەزار و 600 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق تۆمارکراون و 48%ـیان بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە. ساڵی رابردووش 32 هەزار و 477 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق تۆمارکرابوون.