کازمی دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی ناوچەی سەدری راگەیاند


رووداو دیجیتاڵ 

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی بازاڕی وەحیلاتی ناوچەی سەدری راگەیاند و دەڵێت، "ئەمڕۆ دەبرێنە بەردەم یاسا."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا نووسیویەتی "فرمێسك و ژانە دڵی خێزانی شەهیدانی شارۆچكەی سەدر رێنیشاندەرمان بوون بۆ دەستگیركردنی ئەو تۆڕە تیرۆریستییە ترسنۆكانەی كە پلانداڕێژەر و جێبەجێكەری هێرشە تیرۆریستییەكەی بازاڕی وەحیلات بوون."

شەوی دووشەممە تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە ناوچەی سەدر روویدا؛ رۆژی سێشەممەش شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی تەقینەوە خۆکوژییەکەی شەوی رابردوو لە ناوچەی سەدر لە بەغدا گەیشتە 80 کوژراو و بریندار.
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، "دوای ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایی شارەزایانی تەقینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان و پشکنینی شوێنی تاوانەکە؛ دەرکەوت تەقینەوەکەی شەوی رابردوو خۆکوژێکی تیرۆریست بە پشتێنەی بۆمبڕێژکراو ئەنجامیداوە و بووە هۆی شەهیدبوونی 30 هاووڵاتی و برینداربوونی زیاتر لە 50 کەسی دیکە."

دوای تەقینەوەکە رێکخراوی داعش لە کەناڵەکانی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلگرام بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکە راگەیاند و ئاشکرای کرد؛ ئەندامێکی رێکخراوەکەیان کە ناوی (ئەبو حەمزەی عێراقییە) بە پشتێنەیەکی بۆمبڕێژکراو هێرشەکەی لەو بازاڕەی ناوچەی سەدر ئەنجامداوە.

مستەفا کازمی لە تویتەکەیدا باسی لەوەشکردووە، سەرجەم ئەو کەسانەی دەستگیرکراون "رووبەڕووی دادگە و گەل دەكرێنەوە و دەبنە پەند بۆ هەموو دەستدرێژیكارێكی تاوانبار."  

کازمی گوتیشی: "ئەو پشێوییە بەرهەمی دۆخی سیاسییە، ئێمەش بە هەموو هەوڵێکمان کار دەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر کەسێک رێگڕی لە کاری دەوڵەت دەکات و هەوڵی باشترکردنی دەسەڵات دەدەین، چونکە گەندەڵی و خزمخزمێنە و خراپ بەڕێوەبردن ئەم وڵاتەیان گەیاندە ئەو دۆخەی کە تێیدایە.. سامانمان هەیە و دەمانەوێ رۆڵەکانی گەلەکەمان لەپاڵیدا بحەوێنەوە، بەڵام ململانێی سیاسی رێگرە لە هەموو پێشکەوتنێک."
 
دەستگیرکردنی ئەو کەسانە لەکاتێکدایە، هەر دوابەدوای تەقینەوەکە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ فەرماندە ئەمنی و هەواڵگرییەکان ئەنجامدا و بڕیاریدا ئەو فەرماندەی ئەرکی پاراستنی بازاڕەکەی ناوچەی سەدری لە ئەستۆ بوو، لە ئەرکەکەی دووربخرێتەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.