سەرۆککۆماری عێراق عەبدوڵڵا عەلیاوەیی لە پۆستەکەی دووردەخاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، نوێنەری سەرۆکایەتی کۆماری عێراقی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران لە کارەکەی دوورخستەوە و کەسێکی دیکەی خستە شوێنی. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دوورخستنەوەکەی بەهۆی ئەو پەیوەندییە ساردوسڕەیە کە ئێستا لە نێوان سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆکایەتیی وەزیرانی عێراقدا هەیە.
 
بەپێی نووسراوێک، کە لەلایەن نووسینگەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بە ژمارە 1-4-2087 کە رۆژی دووشەممە، 24-7-2023 دەرچووە بڕیاری دوورخستنەوەی د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، نوێنەری سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دراوە و کەسێکی دیکە بەناوی "عیزەدین مەجید محمەممەد رەشید، لە شوێنەکەی دانراوە، کە پێشتر جێگری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری بووە.
 
د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، راوێژکاری پێشکەوتوو لە سەرۆکایەتی کۆمار، بەپێی نووسراوی  ژمارە (م. ر. ج/1-4-2403) کە لە رۆژی 31-10-2022ەوە دەرچووە بە نوێنەری سەرۆکایەتی کۆمار لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەستنیشانکرابوو.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، سەرۆککۆماری عێراق ئەو پەیوەندییە ساردوسڕەی لە نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە عەبدوڵڵا عەلیاوەیی هۆکار بێت، عەلیاوەیی ئەگەری زۆرە لەم هەفتەیە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا هۆکارەکانی دوورخستنەوەی روونبکاتەوە.
 
عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، لە ساڵی 2006 تاوەکو 2010 ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە، دواتر بۆ ماوەیەک لە کابینەکەی نووری مالیکی کاریکردووە و بۆ ماوەیەکیش لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بووە و چوار ساڵیش راوێژکاری د. فوئاد مەعسووم سەرۆککۆماری عێراق بووە.