ناوچەی سەوزی بەغدا لە ئارامییەوە بۆ گۆڕەپانی پێکدادان
رووداو-هەولێر
ناوچەی سەوز لە نێوەڕاستی بەغدا شوێنی بەشێکی بەرچاوی دامەزراوە گرنگەکانی حکومەت و نوێنەرایەتیی وڵاتانە، بەڵام بەمدواییانە بووە گۆڕەپانی خۆپێشاندان و دواتریش پێکدادانی نێوان لایەنگرانی رەوتی سەدر و بەشێکی هێزەکانی حەشدی شەعبی کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 30 لایەنگری رەوتی سەدر و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە.
لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق گوتی: "ئێمە ئاومان بەکارهێنا؛ خۆپێشاندەریش مافی خۆیەتی و پێی رەوا بوو کۆنکرێتەکان بڕوخێنێت؛ بەڵام ئێمە زۆر پیشەییانە مامەڵەمان کرد؛ بۆیە لەو باوەڕەدام سەرکەوتوو بووین لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو رووداوانە".
ناوچەی سەوز کە رووبەری نزیکەی 10 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، پەرلەمانی عێراق و هەردوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بەریتانیای تێدایە، لەگەڵ بارەگای سەرەکیی سەرۆکوەزیران و فەرماندەیی سوپا، بەڵام هەموو ئەوانە رێگر نەبوون لەوەی گرژیی تێدا روونەدات و لە ساڵانی رابردوویشدا چەند جارێک مووشەکی ئاراستە کراوە.
ئەبو توراب شەمس، دانیشتووی ناوچەی سەوزی بەغدا دەڵێت: "جیاوازی 200 ساڵ هەیە لە نێوان دیموکراسییەکەی ئێمە و دیموکراسییەکەی ئەوروپا. ئەمە بە پەروەردەکردن دروست دەبێت".
لە ساڵی 2003ـەوە کە هێزەکانی ئەمریکا ناوچەی سەوزیان لە بەغدا دروستکرد، ناوچەکە چەندین جار بووەتە گۆڕەپانی ناڕەزایەتیی دەربڕین دژی حکومەت، بەڵام پێکدادانە چەکدارییەکەی مانگی رابردوو ترسناکترینیان بوو لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانی گرێکوێرەی پێکهێنانی حکومەت بکاتەوە.