سەرکردەیەکی حیزبی دەعوە: بۆ ئێمە زۆر گرنگە برایانی کورد یەک بڕیاربن

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرکردەیەکی حیزبی دەعوەی ئیسلامیی لە عێراق بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی رایگەیاند بۆ ئەوان زۆر گرنگە برایانی کورد خۆیان رێکبخەن و یەک بڕیاربن، هەروەها برایانی سوننەش، بۆ شیعەش هەر وایە، چونکە بەبێ رێککەوتن و لێکتێگەیشتن و هاوبەشیی نیشتمانی ناتوانرێ حکومەتێکی بەهێز و جێگیر پێکبهێندرێت.
 
عەباس بەیاتی، سەرکردەی حیزبی دەعوەی ئیسلامی، سەبارەت بە ژمارەی کورسییەکانی گردبوونەوەی "چوارچێوەی هەماهەنگی"، کە هەوڵی دروستکردنی گەورەترین فراکسیۆن لە نێو پەرلەمانی عێراق دەدات؛ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا ژمارەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵام زۆر لە لایەنەکان و سەربەخۆکان پەیوەندی دەکەن بە چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆ ئەوەی هەماهەنگ بن و ببنە هاوپەیمانی و ژمارەکانی خۆیان بدەنە پاڵ ژمارەکانی، ئێمە ئێستا لە پێشبڕکێی ژمارەدا نین سەبارەت بەوەی ئاخۆ کام فراکسیۆن زۆرترە؛ بەڵکو هەوڵی بەدیهێنانی لێکتێگەیشتن و زەمینەیەکی هاوبەش دەدەین لە گۆڕەپانی شیعە و گۆڕەپانی نیشتمانی لەگەڵ کورد و سوننە، چونکە بەبێ رێککەوتن و لێکتێگەیشتن و هاوبەشیی نیشتمانی ناتوانرێ حکومەتێکی بەهێز و جێگیر پێکبهێندرێت".
 
گردبوونەوەی (چوارچێوەی هەماهەنگی) وەکو سەرکردەکانی دەڵێن؛ خاوەنی 92 کورسی پەرلەمانە و لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، هاوپەیمانیی فەتح باڵی سیاسی گرووپەکانی حەشدی شەعبی، هاوپەیمانی قیوا ئەلدەولە، کە لە رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم و هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی؛ لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکە پێکهاتووە و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە.
 
سەبارەت بە بەشداری کورد لە حکومەتی داهاتوو، عەباس بەیاتی گوتی: "بۆ ئێمە زۆر گرنگە برایانی کورد خۆیان رێکبخەن و یەک بڕیاربن، هەروەها برایانی سوننەش، بۆ شیعەش هەر وایە، چونکە ئێستا لە نێو شیعەدا دوو جەمسەر هەن، جەمسەری یەکەم چوارچێوەی هەماهەنگییە، جەمسەری دووەمیش فراکسیۆنی سەدرە؛ بۆیە دەبێ سەرەتا هەردوو جەمسەرەکە هەماهەنگ بن و لێکتێگەیشتن لە نێوانیاندا هەبێت، دواتر کرانەوە هەبێت بە رووی لایەنەکانی دیکەدا، ئێمە لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە ژێر رۆشنایی و چوارچێوەی دەستوور بە رووی هەموواندا کراوەین، بەڵام دەبێ سەرەتا هەر جەمسەرێک خۆی رێکبخات و خۆی یەکلاییبکاتەوە دواتر هەوڵی لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بدات، ئەوەش بەندە بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کە دوای یەکلاییکردنەوەی تانەکان رادەگەیەندرێن".
 
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە و 1400 تانەیان لێدراوە؛ رەوتی سەدر 73 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، هاوپەیمانیی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی 37 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا 33 کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام هاوپەیمانیی فەتح کە لە خولی پێشووی پەرلەمان 47 کورسی هەبوو لەم هەڵبژاردنە تەنیا 15 کورسی بەدەستهێناوە، هاوکات سەربەخۆکان زیاتر لە 35 کورسییان لە 329 کورسییەکەی پەرلەمان بردووەتەوە.