شاعیرە عێراقییەكە جنێو بە مەعسوم و زێباریش دەدات
رووداو- هەولێر
كاردانەوەی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەرامبەر شاعیری ناسراوی عێراقی سەعدی یوسف بەرفراوان دەبێت، بەهۆی وەسفكردنی گەلی كورد بە "مەیمون" و كوردستانیش بە "مەیمونستان" لەلایەن ئەو شاعیرە.
رووداو پەردە لەسەر شیعرێكی دیكەی ناوبراو هەڵدەداتەوە كە سووكایەتی بە سەركردە كوردەكان و شیعە دەكات و جنێویان پێدەدات.
جنێو بۆ مەعسوم و زێباری و جەعفەری
سەعدی یوسف، 80 ساڵ، لەشاری بەسرە لەدایكبووە و ئێستا لە بەریتانیا دەژی و زیاتر لە 43 دیوان و 33 بەرهەمی ئەدەبی لە كورتە چیرۆك و شیعر وەرگێڕدراوەتە سەر زمانەكانی ئینگلیزی و فەڕەنسی و ئیتاڵی و ئەڵمانی.
سەعدی یوسف ساڵی 2005 خەڵاتی ڤیرۆنیای ئیتاڵی وەكو باشترین نووسەری بیانی وەرگرتووە، ئەندامی چەندین كۆمەڵە و رێكخراوی ئەدەبییە.
رۆژی 15ی تشرینی دووەمی 2014 لەسەر ماڵپەڕی خۆی شیعرێكی بە ناونیشانی (میسری عروبە و عێراقی عەجەم) بڵاوكردەوە كە تێیدا بەراوردی هەستی نەتەوەیی عەرەبی میسر لەگەڵ عێراق دەكات و پرسیار دەكات چ مانایەكی هەیە وڵاتێكی عەرەبی كورد و عەجەم حوكمی بكەن.
لە دێڕێكی دیكەدا دەڵێ "چ مانایەكی هەیە زمانی عەرەبی لە میرنشینی مەیمونستانی بارزانی لە هەولێر قەدەغە بێت". سەعدی لە بەرامبەر وشەی كوردستان "قردستان" بەكاردەهێنێ.
ئەم شیعرە كاردانەوەی توندی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و شەقامی كوردی و تەنانەت عەرەبیشی بەدوای خۆیدا هێنا، كە تێیدا بە ئاشكرا بۆچوونی رەگەزپەرستی و سووكایەتی بە كورد بەو شیعرەوە دیارە.
(رووداو) شیعرێكی دیكەی سەعدی یوسفی لە ماڵپەڕەكەی خۆی دۆزیوەتەوە كە رۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2014 بەبۆنەی سەردانی شاندی باڵای عێراق بۆ سعودیە بڵاویكردووەتەوە و تێیدا هەریەك لە فوئاد مەعسوم، سەرۆك كۆمار و ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوە. هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی و لەبید عەباوی، بریكاری وەزیری دەرەوە بە قەزەم (كورتە باڵا) وەسف دەكات.
شیعرەكەی ناوبراو بە ناونیشانی لە نێوان (عەبدوڵلای كوڕی عەبدولعەزیز و چوار قەزەم)ەو تێیدا كاتێك وێنەی كۆبوونەوەی شای سعودیە و شاندی عێراقی بینیوە دەڵێ "قەزەمە كوردەكان و ئێرانییەكان".
ئەو شاعیرە، ئیبراهیم جەعفەری بەو كەسە وەسف دەكات كە لە سەردەمی كۆن منداڵیان خەتەنەكردووە و كۆمەڵێك وشە و جنێویش بۆ هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق بەكاردەهێنێ، كە ناشێت لێرەدا بڵاوبكرێنەوە.
"شایستەی ئەوە نییە ناویشی بزانن"
لە یەكەم هەنگاودا وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێكی فەرمی ژیان و بەرهەمی ئەو شاعیرەی لە پرۆگرامی خوێندن لابرد، كە لە پۆلی نۆی بنەڕەتی دەخوێندرێ.
فاتح مەولەوی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە (رووداو)ی راگەیاند "وەزارەتی پەروەردە ژیان و بەرهەمی ئەو شاعیرەی لە پرۆگرامەكانی خوێندن لابردووە، كەسێك سووكایەتی وا گەورە بە كورد بكات شایستەی ئەوە نییە نەوەكانی داهاتوو ناویشی بزانن".
ئەمساڵ پرسیار لەو شیعرە بۆ قوتابیان نایەتەوە
ئاراس نەجمەدین، بەڕێوەبەری گشتی پرۆگرامەكان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی گوت "لەسەر فەرمانی وەزیری پەروەردە ئەو شیعرە لادراوە، نووسراو بۆ سەرجەم
بەڕێوەبەرایەتییەكان كراوە كە ئەو بابەتە ناخوێنرێت، لە ساڵی داهاتووشدا لە پرۆگرامی خوێندن و لە كاتی چاپكردنی كتێبەكان ژیاننامە و شیعری ئەو كەسە نامێنێ، ئەگەرچی شیعرەكەی باشە و باسی نیشتمانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سووكایەتی بە كوردستان كرد، ئەو بابەتەش نامێنێ، ئەمساڵیش پرسیار لەو بابەتە بۆ قوتابیان نایەتەوە".
پەرلەمانی عێراقیش قسەی لەسەر دەكات
بڕیارە لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەو بابەتە كۆببێتەوە. موحسین عوسمان، پەرلەمانتاری كورد و ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن بە (رووداو)ی گوت "ئەو شاعیرە كەسێكی ئاسایی و سادە نییە، لە ناو رۆشنبیران و شاعیرانی عێراق كەسێكی دیارە، ئەو هەڵوێستە شۆڤێنی و رەگەزپەرستانەیە جێگای داخە، ئێمە وەكو لێژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن لە پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەو بابەتە قسەی خۆمان دەكەین، چونكە بەرهەم و كتێب و ژیاننامەی ئەو شاعیرە لە قوتابخانە و زانكۆكانی عێراق دەخوێنرێت، نابێ رێگا بە بڵاوكردنەوەی هەستی رەگەزپەرستی و سووكایەتیكردن بە پێكهاتەكانی دیكەی عێراق بدرێت".
ئەو پەرلەمانتارە كوردە دەڵێ "رۆژی چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2014 لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەكات و ئێمەش وەكو پەرلەمانتارانی كورد لەو لێژنەیە ئەو بابەتە دەورووژێنین".
پەلاماردانی كورد لە شیعر
هەستی رەگەزپەرستی و جیاكاری و تائیفی هاندان و پشتگیری و بڵاوكردنەوە و رەوایەتی پێدان بەپێی مادەی 7ی دەستووری عێراق قەدەغەكراوە، ساڵی 2010 شاعیرێكی دیكەی عەرەب بەناوی سەمیر سەبیح لە گردبوونەوەیەكی جەماوەریدا كە پەرلەمانتارێكی عێراقی و چەندین بەرپرسی دیكە تێیدا ئامادەبوون، شیعرێكی بەناونیشانی (كاكە حەمە) خوێندەوە. ئەو شیعرە كە لە كەناڵە عێراقییەكانیش پەخشكرا، سووكایەتی بە كورد كردبوو.