هەوڵەکان چڕدەکرێنەوە بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو پەرلەمان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کۆببێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا فراکسیۆن و لایەنەکانی عەرەبی سوننە بۆ دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رێکنەکەوتوون کە دەگوترێت چوار کەس بەربژێرن.
رۆژی هەینی، 24-11-2023، کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەوڵەکان بۆ دیارکردنی کەسێک بۆ شوێنەکەی محەممەد حەلبووسی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "هەوڵەکان بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان چڕبوونەتەوە، ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو و بە دیاریکراوی رۆژی سێشەممە پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە کۆببێتەوە، چونکە دواخستنی ئەو بابەتە و مانەوەی پەرلەمان بەبێ سەرۆک لە رووی یاسایی و سیاسییشەوە گونجاو نییە."
بە گوتەی بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی، چوار بەربژێر هەن بۆ پۆستەکە، لەوانە سالم عیساوی لەلایەن هاوپەیمانیی سەروەریی بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، موسەنا سامەڕایی لەلایەن هاوپەیمانیی عەزم، مەحموود مەشهەدانی کە زیاتر بەشێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتگیری دەکەن، لەگەڵ کەسێک کە بڕیارە هاوپەیمانی تەقەدوومی محەممەد حەلبووسی دەستنیشانی بکات.
کاروان یاروەیس گوتی: "هەوڵەکان چڕبوونەتەوە بۆ ئەوەی لە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتووەوە دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ تۆمارکردنی بەربژێرەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بکرێتەوە و تاوەکو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو لە دانیشتنێکی نائاساییدا هەڵبژاردن بکرێت و کەسێکیان دەستنیشانبکرێن."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، محەممەد حەلبووسی لەبەرامبەر گەرەنتیکردنی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هاوپەیمانێتی تەقەدووم، بڕیارە بەشێکی دیکەی پۆستەکانی حکومەت بداتە لایەنەکانی دیکەی سوننە.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی گوتی: "تاوەکو ئێستا ماڵی سوننە لەسەر هیچیان رێککەوتنی کۆتاییان نییە، ئەگەری ئەوەش هەیە بە زیاتر لە یەک بەربژێرەوە بێنە پەرلەمان و پەرلەمان و دەنگدان یەکلایی بکاتەوە کامیان دەبنە سەرۆکی پەرلەمان."
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی ئاشکراکرد، لایەنەکانی سوننە لە کۆبوونەوەکانیاندا بەردەوامن و بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە و پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان بەربژێرێک دیاری بکرێت.
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە، کە هاوکات سەرۆکى پارتى تەقەدوومە و یەکێکە لە سەرکردە هەرە دیارەکانی سوننە.
محەممەد حەلبووسی لە یەکەم کاردانەوەدا رایگەیاند، "دادگەی فیدراڵی کۆتایی بە ئەندامێتیم هێناوە؛ ئەوە بڕیارێکی سەیرە؛ سەرم سوڕماوە و نازانم لە کوێوە هاتووە." هەروەها گوتی: "پەنا بۆ رێکاری یاسایی دەبەم بۆ پاراستنی مافی دەستووری."