لە ماڵێکی بەغدا 18 قومارچی دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، لە یەکێک لە ماڵەکانی گەڕەکێکی بەغدا دەستیان بەسەر ئامێری قومارکردندا گرتووە و 18 کەسیشیان بە تۆمەتی قومارکردن دەستگیرکردووە.
رۆژی هەینی، 24-11-2023، دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بەپشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگریی تایبەت بە هەبوونی هۆڵێکی تایبەت بە قومارکردن لە یەکێک لە ماڵەکانی بەری کەرخی بەغدا، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی لایەنە دادییەکان هێزێکی سەر بە دەزگەی هەواڵگری هەڵیکوتایە سەر ماڵەکە و دەستی بەسەر ئامێری قومارکردن گرت و 18 تۆمەتباریشی لەوانەی لەو خانووەدا سەرقاڵی قومارکردن بوون دەستگیرکرد."
بەپێی دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانی سەرجەم تۆمەتباران و ئەو کەرەستانەی دەستیان بەسەرداگیراوە رەوانەی لایەنە دادییەکان کرا بۆ ئەوەی رێوشوێنی یاسایی لە دژیان بگیرێتەبەر.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکە کە دەزگاکە بڵاوی کردووەتەوە، دەردەکەوێت ئامێرەکە و کەرەستەکانی قومارکردن دەستیان بەسەردا گیراوە و ئەو کەسانەشی دەستگیرکراون سەرجەمیان لە رەگەزی نێرن.
دەزگای هەواڵگریی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، کە ئەو کەسانە بەپێی مادەی 389ـی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون.
بەپێی ئەو ماددەیە هەر کەسێک شوێنێک بکاتەوە بۆ یاریی قومار و ئامادەی بکات بۆ ئەوەی خەڵک یاری تێدا بکەن بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت سزا دەدرێت، یان پێبژاردنی بە بڕی 100 دینار دەکرێت، هەر کەسێکیش یاری قومار بکات بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی یەک مانگ زیندانی دەکرێت یان پێبژاردنێکی بە بڕی 50 دینار بۆ دەکرێت.