پەرلەمانتارێکی ئیی پارتی: لەسەر سکاڵای عەقیدێكی خانەنشین لێکۆڵینەوە لە ئۆجەلان دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانتارێکی ئیی پارتی دەڵێ، لەسەر سکاڵای عەقیدێكی خانەنشینی سوپای تورکیا، بە تۆمەتی هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانی "دامەزراندن و بەڕێوەبردنی رێکخراوی تیرۆریستی" و "تێکدانی یەکێتیی دەوڵەت و یەکپارچەیی خاکی وڵات" لێکۆڵینەوە لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکردووە.
 
سەلچوک تورکئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئیی پارتی لە بازنەی بورسا، شەوی رابردوو لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، لەسەر سکاڵای ئۆرکون ئۆزەللـەر، عەقیدی خانەنشین، لێکۆڵینەوە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی بورساوە لەبارەی ئۆجەلان دەستیپێکردووە.
 
ئۆرکون ئۆزەللـەر مانگی رابردوو لە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی بورسا سکاڵای یاسایی تۆمارکرد و داوایکرد دۆزی گشتی دژی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکرێتەوە، بەو پێیەی لە ماوەی حوکمەکەیدا کە لە 29ی حوزەیرانی 1999ـەوە بەردەوامە، بەردەوام بووە لە ئەنجامدانی تاوانی "دامەزراندن و بەڕێوەبردنی رێکخراوی تیرۆریستی". سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە بورسا ژمارەی لێکۆڵینەوەی بۆ سکاڵاکە داناوە.
 
لە سکاڵانامەکەدا هاتووە، ئەم دۆخە ئەوە دەگەیێنێت کە ئۆجەلان بەشێوەیەکی بەردەوام تاوانی "دامەزراندن و بەڕێوەبردنی رێکخراوی چەکداری" ئەنجامداوە و ئەو کارانەی پەکەکە لە ساڵی 1999ـەوە بە رەزامەندیی ئەو ئەنجامیداون و ئەوانیش بە هاندان بۆ تاوانی "تێکدانی یەکێتیی دەوڵەت و یەکپارچەیی خاکی وڵات" هەژمار دەکرێن.
 
سەبارەت بە بابەتەکە، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی بورسا هێشتا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی بڵاونەکردووەتەوە.
 
دۆغوکان کۆزان، پارێزەری ئۆزەللـەر رۆژی 23ـی تشرینی دووەمی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "بریکاردارەکەم ئۆرکون ئۆزەللەر، لەبارەی ئەو فەرمان و رەزامەندییانەی ئۆجەلان لە دوای ساڵی 1999 لە ئیمراڵییەوە دەریکردوون و ئەو چالاکییە چەکدارییانەی پەکەکە کردوون، سکاڵای تۆمار کردووە."
 
ئەو هێرشانەی ئۆرکون ئۆزەللـەر بەهۆیانەوە سکاڵای لەسەر ئۆجەلان تۆمار کردوون:
 
2006 - هێرشی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر وێستگەیەکی پاس لە ئامەد کە بەهۆیەوە 11 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
2007 - هێرشکردنە سەر مینی پاسێک لە شرنەخ کە بەهۆیەوە 12 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
- دانانی بۆسە بۆ سەربازان لە چیای گاباری پارێزگای شرنەخ کە بەهۆیەوە 13 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
- هێرشکردنە سەر بازاڕی ئانافارتالار لە ئەنقەرە، کە بەهۆیەوە 9 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
2008 - هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازیی ئاکتوتون، کە بەهۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
- هێرشی بۆمبڕێژکراو لە ناوچەی گونگۆرەنی ئیستەنبووڵ کە بەهۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا .
 
2009 - هێرشکردنە سەر ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە لیجێ لە ئامەد، کە بەهۆیەوە 9 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
- دانانی بۆسە بۆ سەربازان لە تۆکات کە بەهۆیەوە 7 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
2010 - هێرشکردنە سەر سەربازان لە ئیسکەندەروون، کە بەهۆیەوە 6 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
- هێرشکردنە سەر پاسێکی سڤیل لە کوچوکچەکمەجە کە بەهۆیەوە 5 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
2011 - هێرشکردنە سەر ناوچە سەربازییەکان لە چەلێ کە بەهۆیەوە 24 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
- هێرشی شەقامی کومروڵار لە ئەنقەرە کە بەهۆیەوە 3 کەس گیانیان لەدەستدا. 
 
2012 - هێرشکردنە سەر ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی سەربازان لە فۆچا کە بەهۆیەوە 2 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
- هێرشکردنە سەر ناوچەیەکی سەربازی لە شرنەخ، کە بەهۆیەوە 10 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
2016 - هێرشکردنە سەر کاروانێکی سەربازی لە داغڵجا(ئۆرەمار)، کە بەهۆیەوە 16 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
- هێرشکردنە سەر کەمپی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئامەد، کە بەهۆیەوە کەسێک گیانیلەدەستدا.
 
2018 - هێرشکردنە سەر شوێنی دروستکردنی رێگەوبان لە سێرت، کە بەهۆیەوە 7 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
- 2024 هێرشی سەر کۆمپانیای توساش، کە بەهۆیەوە 5 کەس گیانیانلەدەستدا.