فوئاد حوسێن بۆ رووداو: گەڕی داهاتووی دانوستاندن لەسەر کشانەوەی هاوپەیمانان لە واشنتن دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، ئەگەر هەیە گەڕی داهاتووی گفتوگۆکان سەبارەت بە کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق لە ئەمریکا بکرێت.
فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق، لەبارەی گفتوگۆکان بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە رووداوی راگەیاند، "دانوستاندنەکان بەردەوامن، گەڕى دووەم تەواو بووە، هیوادارین کە گەڕى دیکە هەبێت، ئەگەر هەیە کە گەڕێکى دیکەى گفتوگۆکردن لە واشنتن بێت لە کاتى سەردانى سەرۆکوەزیران[ی عێراق] بۆ واشنتن."
رۆژی 10-02-2024، پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی راوێژکاریی لەبارەی هێرشەکانی لەسەر خاکی وڵاتەکەی بەڕێوەبرد.
دانیشتنەکە زیاتر لە 100 واژۆی بۆ کۆکرابووەوە، بەڵام کەمتر لە 80 پەرلەمانتار لە هۆڵەکە ئامادەبوون. ئەوە لەکاتێکدایە کە ژمارەی پەرلەمانتارە شیعەکان لەنێو پەرلەمانی عێراق 199 پەرلەمانتارە.
فراکسیۆنە کوردستانییەکان جگە لە موسەننا ئەمین و سۆران عومەر هیچ کەسێکی دیکەیان ئامادە نەبوون و سوننەکانیش تەنیا یەک پەرلەمانتاریان بەشداریکرد.
پەرلەمانی عێراق، بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ هاوکاریکردنی لیژنەی دانوستاندنکاری حکومەت، بۆ خێراکردنی دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق.
هەروەها دەبوو پەرلەمان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆببنەوە بۆ بانگهێشتکردنی فەرماندە سەربازیی و ئەمنییەکان بۆ گفتوگۆ و هەروەها لیژنەکانی یاسایی و ئایاش و بەرگریی راپۆرتێک لەبارەی چارەنووسی پڕۆژەیاسای گۆڕینی ئەرکی هێزە بیانییەکان بدەنە پەرلەمان.
رۆژانى 27ـی کانوونى دووەم و 11ـی شوبات، دوو کۆبوونەوە لەنێوان شاندى سەربازیی عێراق و هاوپەیمانیی دژ بە داعش کرا، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى ئەرکى داهاتووی ئەو هاوپەیمانیێتیە و پەیوەندیى دوو قۆڵیى نێوانیان.
ئەو جووڵەیە دواى ئەوە هات کە سوپاى ئەمریکا لە کاردانەوەى هێرشکردنە سەر بنکەکانى لە عێراق و سووریا هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکى سەر بەو گرووپە چەکدارە شیعانەى خۆیان بە موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق دەناسێنن.
رۆژی 12-02-2024، لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژى فەرماندەی گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق رایگەیاند، لەسەر بنەماى ئەو کۆبوونەوانە خشتەیەکى کاتى گەڵاڵە دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی راوێژکارانی سەربازیی بەشێوەیەکى قۆناخ بە قۆناخ کە ئامانجەکەی کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش و هەنگاونان بەرەو قۆناخی پەیوەندى دوو قۆڵى دەبێت.