لە زیقار ئەفسەرێک بە 'تاوانی کوشتنی خۆپێشاندەران' سزای زیندانیی هەتاهەتایی درا


رووداو دیجیتاڵ

لەسەر رووداوەکانی پردی زەیتوون، کە بووە هۆی کوشتنی 67 خۆپێشاندەر و برینداربوونی 168ـی دیکە لە شاری ناسریەی پارێزگای زیقار، ئەمڕۆ دادگەی تاوانەکانی ئەو پارێزگایە بڕیاری زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەر ئەفسەرێکی بەرپەچدانەوەی خێرای وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەپاند. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-6-2023، دادگەی باڵای تاوانەکانی پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق سزای زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەر "عومەر نزار" ئەفسەر بە پلەی موقەدەم لە هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرای سەر بە وەزارەتی ناوخۆ سەپاند کە بەپێی چالاکوانانی پارێزگاکە؛ رۆڵی لە سەرکوتکردن و رووبەڕووبونەوەی خۆپێشاندەرانی پارێزگاکە بەتایبەت شاری ناسرییە لەو ساڵەدا هەبووە.
 
محەممەد تائی، بەرپرسی بزووتنەوەی دادی گەنجان، یەکێک لە چالاکڤانانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2019ـی پارێزگای زیقار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووداوی کوشتنی بەکۆمەڵی پردی زەیتوون لە شاری ناسریەی پارێزگای زیقار بووە هۆی کوشتن و برینداربوونی زیاتر لە 200 کەس، ئەو ئەفسەرە بەرپرسی یەکەی وەڵامدانەوەی خێرابوو کە بۆ کپکردنی خۆپێشاندانەکانی ئەو کات بۆ پارێزگای زیقار نێردرابوو، بەڵام بەفەرمانی ئەو زۆر گەنج کوژران."
 
لەنێوان رۆژانی 28 بۆ 30ـی تشرینی ساڵی 2019، هێزە ئەمنییەکان لەسەر پردی زەیتوون لە شاری ناسریە تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد، بەو هۆیەوە 67 خۆپێشاندەر کوژران و 168 خۆپێشاندەری دیکەش بریندار بوون. 
 
دادگاییکردنی ئەو ئەفسەرە لەسەر سکاڵای 27 خێزانی قوربانییان بوو. تائی دەڵێت: "هێشتا بەدوای ئەوانی دیکەوەین و دەبێت سەرجەم تۆمەتباران و ئەوانەی دەستڕێژی گولـلەیان لە خۆپێشاندەران کرد، بە سزای خۆیان بگەن"
 
لە تشرینی دوومی ساڵی 2019، هەزاران گەنج لە بەشێکی زۆری پارێزگاکانی عێراق خۆڕسکانە دەستیان بە خۆپێشاندان لە دژی نادادی و گەندەڵی و بێکاری و هەژرای دەستپێکرد و بەهۆیەوە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دەستی لەکارکێشایەوە، لە خۆپێشاندانەکاندا کە لە بەغدا زۆر توندبوو، زیاتر لە 500 گەنج کوژران و نزیکەی سێ هەزاریش برینداربوون.