دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵایەک لە دژی وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە، بەپاساوی ئەوەی بابەتەکە پەیوەندیی بە وەزیری کارەباوە نییە و هیچ پێشێلکارییەکی یاسایی لە بابەتەکەدا نییە. سکاڵاکە لەلایەن فەرمانبەرێکی وەزارەتی کارەباوە تۆمارکرابوو.
 
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2023، دادگە بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک کە لەلایەن خالید محەممەد رەشید، فەرمانبەری وەزارەتی کارەبا لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکرابوو، کۆبووەوە. دادگەکە بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەکە دا و سکاڵاکەی رەتکردەوە، بەهۆی ئەوەی سکاڵاکە پەیوەندیی بە وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە، هەروەها بەهۆی ئەوەی دەستووری پێشێل نەکردووە، سکاڵاکەی لە دژی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانیش رەتکردەوە.
 
ژمارەی سکاڵاکە 78/ فیدراڵی/2023 بوو، سکاڵاکار سکاڵای لە دژی هەریەک لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و  کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان تۆمارکردبوو و داوای کردبوو دادگەکە بڕیار لەبارەی نادەستووریبوونی بڕیاری ژمارە 100ـی ساڵی 1987ـی هەموارکراوی ئەنجوونی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوەی حیزبی بەعس بدات و هەڵیبوەشێنێتەوە.
 
ئەو یاسایەی سکاڵای لەسەر تۆماکرابوو ناوی "دیاریکردنی ماوەی چۆڵکردنی ژمارەیەک لە خانووەکانی وەزارەت و فەرمانگەکانی دیکەی دەوڵەت کە ئاماژەیان پێکراوە لە رۆژی پێڕاگەیاندنی ئەو کەسەی تێیدایە بە چۆڵکردنی."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کەسەی سکاڵای کردبوو، دانیشتووی پارێزگای سلێمانییە و فەرمانبەری وەزارەتی کارەبایە، بەڵام روون نییە سکاڵاکەی لەسەر چ بابەتێکی پەیوەندیدار بە خانووەکانی میری کردووە.
 
بڕیارەکە لە رۆژی 22-2-1987 دەرکراوە و لەلایەن سەدام حوسێن، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراقەوە واژۆکراوە، لە پێنج مادە پێکدێت کە تائێستاش کارایە و ئەمە دەقەکەیەتی:
 
بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ئەلف لە مادەی 42ـی دەستوور، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە دانیشتنی ژمارە 22-2-1987 بڕیاریدا بە:
 
یەکەم: خانووەکانی وەزارەت و فەرمانگەکانی دیکەی دەوڵەت (ئەوانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەکرێت) لەماوەی شەش مانگ لە وادەی راگەیاندن بە چۆڵکردنی؛ چۆڵدەکرێن و ئەو کەسانەی تێیاندان، پارەی ئەو ماوەیە دەدات کە تێیدابووە و بەپێی یاسای وەرگرتنەوەی قەرزە حکومییەکان لێیوەردەگیرێت.
 
1- ئەو خانووانەی فەرمانبەرانی فەرمانگەکانیان تێدایە پێچەوانەی رێنماییە بڕیارلێدراوەکان لەلایەن فەرمانگەکەوە دەگرێتەوە.
2- ئەو خانووانەی خەڵکانێکیان تێدایە فەرمانبەری دەوڵەت نین.
3- ئەو خانووانەی بەبێ رەزامەندی یان گرێبەستی فەرمی تێیدا نیشتەجێن.
4- ئەو خانووانەی خانەنشینانیان تێدایە و ماوەی یاسایی مانەوەیان لەو خانووانە تەواو کردووە.
 
دووەم: ئەو خانووانەی ئاماژەیان بۆکراوە دوای چۆڵکردنیان بەپێی حوکمەکانی یاسای کڕین و فرۆشتنی موڵکەکانی دەوڵەت ژمارە 32ـی ساڵی 1986 دەفرۆشرێن.
 
سێیەم: خانووەکانی بێوەژنانی سەر بە ئەمیندارێتیی بەغدا و خانووەکانی بێوەژنانی سەر بە شارەوانیی تەلەعفەر بە نیوەی بەهای خەمڵێندراویان دەدرێن بەو کەسانەی تێیدان، بەمەرجێک ئەو خانووانە دژی دیزاینی سەرەکیی شارەکان نەبن.
 
چوارەم: ئەو خانووانەی کە سەر بە ئیدارە خۆجێیەکانن و بۆ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگاکان تەرخانکراون، لەگەڵ رێوشوێنەکانی فرۆشتنیان لە بڕگەی یەکەمی بڕیاری ژمارە 994ـی 24-8-1985 بەدەردەکرێن.
 
پێنجەم: وەزیرانی تایبەت ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکەن.