دادگەی فیدراڵی بۆ سکاڵایەکی سوودانی لە دژی 12 مادەی یاسای بودجە کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ سکاڵایەکی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دژی 12 مادەی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023 کۆببێتەوە. ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "نابێت ئەو یاسایانەی پەرلەمان پەسەندیان دەکات پێچەوانەی مادەکانی دەستووربن، سوودانیش ئەو سکاڵایەی تۆمارکردووە گوایە پێچەوانەی ئەو دەقە رەسەنەیە کە حکومەت بۆ پەرلەمانی ناردووە."
 
بەگوێرەى خشتەى دانیشتنەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، بڕیارە ئەمرۆ 25ى تەممووزى 2023 یەکەم دانیشتنى دادگەکە لەبارەى سکاڵایەکی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بەڕێوەبچێت و داوا دەکات چەند مادە و بڕگەیەکى یاساى بودجە بە نادەستوورى بناسێنێت.
 
رۆژی 12ى تەممووزى 2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارێکى دەرکرد کە بە شێوەیەکى کاتى جێبەجێکردنى شەش بڕگە و مادەى یاسای بودجە رابگیرێن، تاوەکو سکاڵایەک لەو دادگەیە یەکلایی دەکرێتەوە، کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران لە دادگەکە تۆماری کردووە.
 
لە سکاڵاکەیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، پەرلەمانی عێراق چەند بڕگەیەکی بۆ ئەوە مادانە زیاد کردووە کە پابەندبوونی داراییان هەیە، ئەوەش پێچەوانەی مادەی 62ی دەستووری عێراقە، ئەوەش جگە لەوەی چەند بڕگەیەکی دیکەی زیاد کردووە کە پێچەوانەی سیاسەتی گشتیی دەوڵەتە.
 
کەریم شکور، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 25-7-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای پەسندکردنی دامودەزگاکان و پەرلەمانتاران و خەڵکی دیکەش دەتوانن تانە لە هەر یاسایەک بدەن ئەگەر پاساویان پێچەوانەبوونی بێت لەگەڵ دەستووری عێراق کە باڵاترین یاسایە، سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لەدژی ئەوەیە گوایە لیژنەی دارایی و پەرلەمان دەقە رەسەنەکەیان دەستکاریکردووە، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە و بڕیاری کۆتایی لەبارەیانەوە لەلای دادگەی فیدراڵییە کە پێناچێت لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا بڕیاری لەبارەوە بدات."
 
بەگوێرەی نووسراوێک، کە رۆژی 26ـی حوزەیرانی 2023 دەرکراوە، واژۆی قاسم سەحیب، بریکاری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەسەرە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵای لە دژی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تۆمار کردووە، لە بەرامبەر گۆڕانکاری لە 12 مادەی نێو یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025. 
 
سکاڵاکە مادەکانی 11،12،13 ناگرێتەوە کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان.
 
لە سکاڵاکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، پەرلەمانی عێراق چەند بڕگەیەکی بۆ ئەوە مادانە زیادکردووە کە پابەندبوونی داراییان هەیە، ئەوەش پێچەوانەی مادەی 62ـی دەستووری عێراقە، ئەوە جگە لەوەی چەند بڕگەیەکی دیکەی زیادکردووە کە پێچەوانەی سیاسەتی گشتیی دەوڵەتە کە تێیدا هاتووە. پوختەی تانەکان بەم شێوەیە:
 
یەکەم: لە مادەی ( 2/یەکەم/ 8/جیم/6) لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی دا، دەسەڵات تەنیا دراوەتە پارێزگار بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ گەشەپێدەران (وەبەرهێنەران) بەپێی یاسای وەبەرهێنانی بەرکار، ئەمەش پێچەوانەی سیاسی گشتی دەوڵەتە کە دووپات لە هاندانی وەبەرهێنان دەکاتەوە لە هەموو وەزارەت و ئەو لایەن و دەستانەی سەر بە وەزارەت و پارێزگاکان نین، بۆ ئەوەی پرۆسەی پەرەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی پێش بکەوێت، ئەزموونی تەکنێکی بهێنرێتە وڵات و پەرە بە سامانی مرۆیی بدرێت و دەرفەتی کاریش بۆ عێراقییەکان بڕەخسێت، لە رێگەی هاندانی وەبەرهێنان و پشتوانیکردن لە پرۆسەی دامەزراندنی پرۆژەکای وەبەرهێنان لە عێراق و فراوانکردن و پەرەپێدانیان.
 
دووەم: مادەی (16/ دووەم) لە یاسای بودجەی گشتی دەسەڵاتی داوەتە ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر بنەمای پێشنیازی وەزیر یان سەرۆکی ئەو دەستە و شوێنانەی سەر بە وەزارەتەکان نین مۆڵەتی پێنج ساڵی بداتە فەرمانبەران بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی کە پۆستیان نییە بە مووچەی بنەڕەتی یان راسپاردنی بۆ بەڕێوەبردنی فەرمانگەیەک کە هاوتای پلەکەی بێت یان خانەنشینی بکات، بەڵام ئەنجوومەنی نوێنەران دەستەواژەی (لەسەر بنەمای داواکاری خۆی) بۆ زیادکردووە، ئەمەش گرفت و کۆتووبەند و پشێوی دروست دەکات. 
 
سێیەم: مادەی ( 20/شەشەم) لە یاسای بودجە دەسەڵاتی داوەتە لیژنە لاوەکییەکان کە بڕیار بەرزبکەنەوە کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی موڵک و ماڵ، بەشێوەیەک لە 50 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، بەڵام حکومەت هەوڵدەدات چاودێری تووندی هەبێت بەسەر دارایی گشتیەوە لە رێگەی لیژنەکان و رادەستی و دروستی خەرجکردنی پارەکان و زۆرجار یاری پێوەکراوە.
 
چوارەم: ئەنجوومەنی نوێنەران لە مادەکانی (28/ چوارەم/ ئەلف و با) و مادەی (57/ یەکەم/ جیم) سەپاندوویەتی کە یەک لە هەزار (0.1٪)ی مووچەی فەرمانبەرانی هەموو وەزارەتەکان و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و خانەنشینان ببڕدرێت، ئەمەش پێچەوانەی سیاسەتی دەوڵەتە لە سوککردنی باری سەرشانی کارمەندانی دەوڵەت و خانەنشینان، بەتایبەتی حکومەت دەیەوێت پێداچوونەوە بە مووچە و دەرماڵەی هەموو فەرمانبەران بکات.
 
پێنجەم: ئەنجوومەنی نوێنەران لە مادەی(65/ دووەم) دەسەڵاتی داوەتە ئەنجوومەنی زانکۆکان گرێبەست لەگەڵ کەرتی تایبەت بکەن بۆ بەشداریکردن لە بواری دروستکردنی نەخۆشخانەی فێرکاری و تاقیگەی راوێژکاری و کارگەی بەرهەمهێنانی زانستی و وەبەرهێنانی کشتوکاڵی کە ئەمەش پێچەوانەی پرۆژەی حکومەتە، کە رەوانەی پەرلەمانی کردووە. 
 
شەشەم: ئەنجوومەنی وەزیران لە هەردوو مادەی (62/ چوارەم، 63/ سێیەم) لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بەبێ هەڵوەستەکردن لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران هەڵاوێردنی داوەتە خۆی بۆ راگرتنی دامەزراندن کە تێیدا لە دەقێکدا ئاماژە بە دامەزراندنی 150 گرێبەست دەکات بە هەڵاوێردن لە مادەی ( 14/ چوارەم/ ئەلف) لە یاسای بودجەدا.
 
حەوتەم: ئەنجوومەنی نوێنەران بڕگەی  (دووەم)ی لە مادەی (70) زیاد کردووە، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمەش پێچەوانەی مادەی (62/ دووەم)ە، لە رێگەی زیادکردنی بڕی خەرجی دیاریکراو کە لە پرۆژەی حکومەتدا هاتووە.
 
هەشتەم: مادەی (71) زیادکراوە لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بەبێ ئەوەی لە پرۆژەی حکومی هەبێت کە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نێردراوە کە تێیدا حکومەت پابەند دەکرێت بەڕێوەبردنی سەرجەم دام و دەزگاکان بە وەکالەت کۆتایی پێبهێنێت تاوەکو  30-11-2023، ئەمەش دەستوەردانە لە ئەرکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و پێشلکردنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە، کە لە مادەی 47ی دەستووردا هاتووە، ئەمە کاری دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، نەک دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەران.
 
نۆیەم: مادەی 72ی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی رێگەی داوە بە وەزارەتی داد 2٪ قەرزەکانی لای خاوەن قەرزەکان بۆ خۆی وەربگرێت کە تێیدا 80٪ی وەک دەرماڵە بداتە فەرمانبەرەکانی وەزارەت و 20٪شی بۆ پێداویستی فەرمانگەکانی وەزارەتەکەی خەرج بکات. ئەمەش پێچەوانەی دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانە و پێشلکردنی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە.
 
دەیەم: مادەی 75 بەئەنقەست لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی پشتی بە رێککەوتی 31-12-2019 بەستووە لە بری 02-10-2019 ئەمەش سووڕخواردنەوەیە لە پرۆژەی حکومی دا لەبارەی راگرتنی گرێبەست و دامەزراندن، لەوانەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 315ی ساڵی 2019 دەیانگرێتەوە، ئەمە  وادەکات خەرجییە گشتییەکان زیاتر بێت کە ئەمەش پێچەوانەی مادەی (62/ دووەم) ی دەستووری عێراقە و بارگرانی دارایی دەخاتە سەر گەنجینەی گشتی.
 
دوای پێنج رۆژ لە گفتوگۆی بەردەوام، رۆژی 12-06-2023 پەرلەمانتارانی عێراق دەنگی بە سەرجەم مادەکانی پڕۆژەیاسای بودجە دا و رەوانەی بەردەستی سەرۆککۆماری عێراق کرا.
 
رۆژی 21-06-2023 لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی پەسند کرد و رایگەیاند، "پەسندکردنی بودجە، خاڵی وەرچەرخان دەبێت بۆئەوەی حکومەت دەست بە بەرنامەکەی بکات."
 
قەبارەی بودجەکە بۆ هەر ساڵێک نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و ساڵانە 16 تریلیۆن دیناریش لەو بڕە، پشکى هەرێمى کوردستانە.