کاروانێکی دیکەی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆڵ دەگەڕێندرێنەوە

25-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کاروانێکی دیکەی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆڵ لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەگەڕێندرێنەوە عێراق، کە زیاتر لە 200 خێزانن.
 
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوە کاروانی ژمارە 29ـی خێزانەکانی کەمپی هۆڵن کە دەگەڕێندرێنەوە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو خێزانانە بگەنەوە عێراق بۆ ئەوەی ببرێنە کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ژمارەی ئەو خێزانانەی کە لەو کاروانەدا دەگەڕێندرێنەوە 222 خێزانن، کە لە 860 کەس پێکهاتوون.
 
عەلی جەهانگیر رایگەیاند، نزیکەی پێنج هەزار هاووڵاتیی عێراقی لە کەمپی هۆڵ ماون، کە دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق.
 
کەمپی هۆڵ کەوتووەتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـدایە.
 
ئەو عێراقیانەی لە کەمپی هۆڵەوە دەگەڕێنرێنەوە، دەبرێنە کەمپی جەدعە لە مووسڵ بۆ شیاندنەوەیان، پاشان دەگەڕێنرێنەوە زێدی خۆیان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە