لە 24 کاژێردا سێ کەسی نزیکی وەزیری نەوتی عێراق گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی نەوتی نەوت عێراق رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ کچ و خوشکێکی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە رووداوێکی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا، لە کاتێکدا لە ناشتنی تەرمی باوکی وەزیر لە بەسرەوە دەگەڕانەوە بەغدا.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی، 25-8-2023، لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی بەسرە - بەغدا، کچێک و خوشکێکی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق گیانیان لەدەستدا، ئەوان دوای ناشتنی تەرمی عەبدولغەنی سوئاد، باوکی وەزیری نەوت، کە دوێنێ کۆچی دواییکرد، ویستوویانە لە بەسرەوە بگەڕێنەوە بۆ بەغدا.
باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان لە پرسەنامەیەکدا نووسیویەتی: "دڵگرانین بە هەواڵی گیانلەدەستدانی کچ و خوشکی بەڕێز حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت کە لە رووداوێکی دڵتەزێنی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستدا."
بەپێی ئەو وێنانەی لە تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراونەتەوە ئەو ئۆتۆمبێلەی کچ و خوشکی وەزیری نەوتی تێدابوون لە جۆری تۆیۆتا لاندکرۆزەرە و ژمارەی حکومیی پێوەیە.
حەیان عەبدولغەنی سوئاد لە ساڵی 1958 لە شاری بەسرە لەدایکبووە و لەساڵی 1979 ئەندازەی میکانیکی لە زانکۆی بەسرە تەواوکردووە و ماستەری لە هەمان زانکۆدا بەدەستهێناوە، چەندین بەرپرسیارێتی لە وەزارەتی نەوت هەبووە.
رۆژی 13ى ئادارى 2023، وەزارەتى پلاندانانى عێراق ساڵی رابردوو 11 هەزار و 523 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون. بەهۆی ئەو رووداوانەوە سێ هەزار و 21 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 2474یان لە رەگەزى نێر و 547یشیان لە رەگەزى مێ بوون.