وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق: بەردانەوەی ئاو لە وڵاتانی دراوسێوە 70٪ کەمی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، کەمبوونەوەی ئاو کە لە هەندێک لە پارێزگاکانی باشووری عێراق روویانداوە، هۆکارەکەی کەمیی ئەو بڕە ئاوەیە کە دەگاتە بەنداوی موسڵ لەسەر رووباری دیجلە و بەنداوی حەدیسە لەسەر رووباری فورات. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، کۆگەی ئاوی عێراق کەمترە لە هەشت ملیار مەتر سێجا، بەردانەوەی ئاویش لە وڵاتانی دراوسێوە بەر رێژەی 70٪ کەمبووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 26-2-2023، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی کەمبوونەوەی ئاوی رووباری دیجلە و فورات بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو کەمبوونەوەیەی لە پشکە ئاوییەکانی بەشێک لە پارێزگاکانی باشوور لەم رۆژانەدا هەیە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی ئەو داهاتە ئاوییانەی لە تورکیاوە دەگاتە بەنداوی موسڵ لەسەر رووباری دیجلە و بەنداوی حەدیسە لەسەر رووباری فورات.
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی ئاوی گەڕاندووەتەوە بۆ کەمیی بارانبارین و زیادبوونی داواکاری لەسەر ئاو بۆ دڵنیایی ئاودانی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان بۆ وەرزی ئێستای زستان کە پلانی بڕیاردراوی تێپەڕاندووە، جگە لەوەش جووتیاران پابەندنەبوون بە جێبەجێکردنی سیستمی نوێی ئاودان.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو "رێوشوێنی گونجاو"ـی گرتووەتەبەر بۆ بەردانەوەی ئەو بڕە ئاوانەی لە کۆگەی بەردەستی بەنداوی دووکان هەیە بۆ پشتیوانیکردنی داهاتەکانی رووباری دیجلە و ئاماژەکانی ئەو زیادبوونە بەمدواییانە گەیشتووەتە بەنداوی کوت.
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو هەروەها دەڵێت: ئەو بڕە ئاوانەی کە گەرەنتی کراون لە هەردوو رووباری دیجلە و فورات بەشی هەموو پێداویستییە کشتوکاڵییەکان و ئاوی خواردنەوە و پێداویستییەکانی دیکەش دەکات. باس لەوەش دەکات "بەڵام پێشێلکارییان بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی تێکڕای ئاوی گەیشتوو بەو پارێزگایانە."
سەبارەت بە گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو "پێشێلکاری"ـیانە، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت: "دامەزراوەکانی وەزارەت هەموو رێوشوێنێکیان گرتووەتەبەر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ نەهێشتنی ئەو پێشێلکارییانە."
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو داوا لە حکومەتە خۆجێییەکان دەکات کە پشتیوانیی وەزارەت بکەن لە لابردنی زێدەڕۆییەکان، داواش لە جووتیاران و خاوەن پڕۆژەکان دەکات پابەندی پشکە ئاوییە بڕیارلێدراوەکان بن و پێشێلکاریی نەکەن لەسەر پشکی پارێزگاکانی دیکە بۆ ئەوەی گەیشتنی ئاو بە سەرجەم پارێزگاکان گەرەنتی بکرێت.
خالد شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆگەی ئاوی عێراق 50 ملیار مەتر سێجا بوو، ئێستا گەیشتووەتە 8 ملیار مەتر سێجا، رێژەی بەردانەوەی ئاو لەلایەن تورکیا و سووریا و ئێرانەوە 70٪ کەمبووەتەوە بە بەراورد بە پێشوو."
خالید شیمال گوتیشی: "حکومەتەکانی پێشووی عێراق سەرکەوتوونەبوون لە واژۆکردنی رێککەوتن بۆ گەرەنتیکردنی پشکی ئاو، جگە لە دروستکردنی ژمارەیەک بەنداو لەلایەن ئەو وڵاتانەوە و کۆگاکردنی ئاو لەنێو خاکەکانیان، ئومێد دەکەین لە دوو مانگی داهاتوو بارانبارین و توانەوەی بەفر ببێتە هۆی باشترکردنی دۆخی ئاو لە وڵات."
بڕیاربوو شاندێکی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق سەردانی تورکیا بکەن بۆ باسکردنی پشکی عێراق لە ئاو، بەڵام خالید شیمال گوتی: "بەهۆی بوومەلەرزەکەوە سەردانەکە دواخرا."
رەعەد حەبیب ئەسەدی، سەرۆکی رێکخراوی جبایش بۆ گەشتیاریی ژینگەیی کە رێکخراوێکی تایبەتمەندە بە بایەخدان بە ژینگەی هۆرەکان و باشووری عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ماوەی چەند رۆژێکە بەردانەوەی ئاو زۆر کەمیکردووە، ئەمە راستەخۆ کاریگەریی لەسەر جووتیاران و هۆرەکانیش کردووە، ئەگەر ئەم کێشەیە ئاوا بەردەوام بێت، هاوینی ئەمساڵ عێراق و باشوور زۆر کاریگەر دەبن و رەنگە چەندین شار و شارۆچکە بەهۆی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاو نەمێنن و لەناو بچن."
گوتیشی: "هۆکاری کەمبوونەوەی ئاو بۆ کۆنترۆڵکردنی وڵاتانی دراوسێ بۆ سەرچاوەکانی ئاو و خراپ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئاو و خراپیی مامەڵەکردنی جووتیاران و خاوەن پڕۆژەکانی ئاودێری لەگەڵ ئاو هۆکاری سەرەکیی ئەو کێشانەن کە هەیە."