دوو پەرلەمانتارى عێراق شەشەمجار و پێنجى دیکە پێنجەمجارە خۆیان بەربژێر بکەن

26-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوو پەرلەمانتارى عێراق دەبێتە شەشەم جاریان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان بەربژێر بکەن، دەربچن لە سەرجەم خولەکانی پەرلەمان لە دوای 2003 و بۆ جاری شەشەم دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، چوار پەرلەمانتاری دیکەش پێنجەم جاریانە خۆیان بەربژێر بکەنەوە بۆ پارێزگاریکردن لە کورسییەکانیان لە خولی نوێی پەرلەمان، دوو لەو بەربژێرانە کە دەیانەوێت بۆ پێنجەم جار ببنە پەرلەمانتار، لە پارێزگای کەرکووکن، هەندێکیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە لیستەکانی پێشوویان گۆڕیوە.
 
لە دەوڵەتی یاساوە بۆ هاوپەیمانیی سوودانی؛ عالیە نسەیف شەشەم جارە دەبێتە بەربژێر
 
ئەو هەڵبژاردنەی لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانى عێراقە لە دوای ساڵی 2005ـەوە، چوار ساڵ جارێک دەکرێت.
 
بەگوێرەی خشتەی بەربژێرانی پەسەندکراوى کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، عالیە نسەیف عوبێدى، پەرلەمانتار، بەربژێرە لە لیستی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە لە بەغدا بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، نسەیف پێشتر سەر بە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بوو کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، لەو هەڵبژاردنەدا لە لیستی دیکە دەیەوێ کورسییەکەی بەدەستبێنێتەوە.
 
فەلاح حەسەن لهێبی، پەرلەمانتارە لە لیستی تەقەدووم لە سنووری نەینەوا لە هەمان لیست بەربژێرە کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتی دەکات.
 
هەردوو بەربژێرەکە لە پێنج خولی رابردووی پەرلەمانی عێراق ئەندامی پەرلەمان بوون، ئەگەر ئەم جارە دەربچنەوە دەبێتە شەشەم خول کە پەرلەمانتار بن.
 
ڤیان شێخ عەلی، سەرۆکی تۆڕی تەممووز بۆ چاودێریی هەڵبژاردن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەندێک لەو بەربژێرانەی بۆ چەند خولێک خۆیان بەربژێر دەکەنەوە، سەرکردەی سیاسین یان بە بەشداریکردن لە لیستێکی بچووک بوونەتە خاوەنی لیستی خۆیان."
 
سوعاد نەجەفی، بەربژێری لیستی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە لە پارێزگای نەجەف، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ی پەرلەمان لە لیستی عەقدی نیشتمانی بەربژێر بووە و سەرکەوتنی بۆ پەرلەمان مسۆگەر کردووە، ئەو لیستە زۆرینە شیعەیە و بە سەرۆکایەتیی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییە، فالح فەیاز و حیزبەکەی بەشێکن لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان.
 
ئەگەر سوعاد نەجەفی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵ، بۆ پێنجەم خول دەبێتە پەرلەمانتار.
 
ئەو دۆخەی سوعاد نەجەفی بۆ چوار پەرلەمانتاری دیکەی ئێستایش هەمان شێوەیە، خۆیان بەربژێر کردووەتەوە بۆ ئەوەی بۆ جاری پێنجەم ببنەوە بە پەرلەمانتار.
 
ئەو پەرلەمانتارانە بریتین لە: ئەرشەد ساڵحی، سەرلیستی بەرەی تورکمانی یەکگرتوو لە کەرکووک، تەڵال زەوبەعی، بەربژێری لیستی هاوپەیمانیی سیادەی نیشتمانیی سوننە لە بەغدا، فالح جیاشی، سەرلیستی هاوپەیمانی هێزەکانى دەوڵەت لە موسەننا، محەممەد تەمیم، سەرلیستی پارتی تەقەدووم لە کەرکووک.
 
سەرۆکی تۆڕی تەممووز بۆ چاودێریی هەڵبژاردن رایگەیاند: "بەشێک لە پەرلەمانتاران ئەزموونی کارکردنیان لە پەرلەمان و پەیوەندییان لەگەڵ خەڵک دەقۆزنەوە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی دەنگ."
 
بۆ ئەم هەڵبژاردنە زیاتر لە حەوت هەزار بەربژێر رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمان کە 9یان کۆتای پێکهاتەکانن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عێراق بەدەست کەمترین ئاستی ئاوەوە دەناڵێنێت لە 80 ساڵی رابردوودا

داهاتی ئاو لە بابل 75% کەمبووەتەوە؛ "جووتیاران کۆچ دەکەن"

پارێزگای بابل لە باشووری بەغدا رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی کەمئاوی بووەتەوە، بە جۆرێک داهاتی ئاو لە رووباری فوراتەوە بە رێژەی 75% دابەزیوە. ئەم دۆخە وای کردووە بەشێکی زۆری جووتیاران ناوچەکانیان جێبهێڵن