دەستەی ئامار: تەواونەکردنی ئامادەکارییەکان سەرژمێریی گشتیی بۆ ساڵی داهاتوو دواخست
رووداو دیجیتاڵ
لە یاسای بودجەی ئەم ساڵدا 100 ملیار دینار بۆ سەرژمێری گشتی تەرخانکرابوو و بڕیار بوو ئەم ساڵ بکرێت، بەڵام ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند پڕۆسەکەیان بۆ ساڵی داهاتوو دواخستووە، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، بەهۆی تەواونەبوونی رێکارەکانەوە دواخراوە و ئەگەری هەیە کۆتاییەکانی ساڵی داهاتوو بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-11-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفڕانسی پلانی گەشەپێدانی نیشتمانیی پێنج ساڵە کە وەزارەتی پلاندانان و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا رێکیانخستبوو رایگەیاند، "بڕیارماندا ساڵی 2024 سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بکرێت و رێنماییمان داوە بۆ ئەوەی سەرجەم پێداویستییە دارایی و لۆجستییەکانی بۆ سەرخستنی تەرخان بکرێت."
لە یاسای بودجەی ساڵی 2023ــی عێراقدا 100 ملیار دینار بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی لە عێراق تەرخانکراوە، بەشی هەرێمی کوردستانیش 12 ملیار و 670 ملیۆن دینارە، بەڵام یەکلایی بووەتەوە ئەم ساڵ سەرژمێری ناکرێت.
رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی ئەوەی ئامادەکارییەکانی تەواو نەبوو، بەشێک لە رێکارەکان ماون، ماوەیەکیش دەبێت کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سەرژمێری لە عێراق نەکراوە."
سەبارەت بەوەی کەی پێشنیازکراوە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، سەرۆکی دەستەی ئاماری کوردستان گوتی: "چەند مانگێک لەمەوبەر لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای ئەنجامدانی سەرژمێری، وەزیری پلاندانان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەگەر لە 20-11-2024 بتوانرێت سەرژمێری بکرێت ئەوا وادەیەکی باش و گونجاوە."
ماوەی 26 ساڵە لە عێراق سەرژمێری نەکراوە، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق لەساڵی 2009ـوە بەنیازە سەرژمێری بکات، بەڵام رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لە ئەنجامدانی.
بڕیاریدابوو عێراق ههر 10 ساڵ جارێك سهرژمێری بکات، ئهو سهرژمێرییانهی کردوونی له ساڵانی: 1927، 1934، 1947، 1957، 1965، 1977، 1987، کۆتاجاریش 1997 بووە، بەڵام ئەو سەرژمێرییە لە هەرێمی کوردستان نەکراوە.
بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، هەرێمی کوردستان 14%ی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت، ژمارەی دانیشتووانی عێراق هەر بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتەکە، گەیشتووەتە 44 ملیۆن و 249 هەزار و 883 کەس.