دژەتیرۆری عێراق 3 هەزار کەس دادەمەزرێنێت و لە چەند کاژێرێکدا 15 ملیۆن فۆرم پڕکرانەوە


رووداو دیجیتاڵ 

دەرگەی خۆتۆمارکردن بۆ دامەزراندن لە دەزگای دژەتیرۆری عێراق کرایەوە، لە رۆژی یەکەمدا لە ماوەی چەند کاژێرێکدا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس سەردانی ماڵپەڕی تایبەت بە خۆتۆمارکردنیان کردووە.  
 
سەباح نوعمان، گوتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: دوای شەڕی داعش، دەزگای دژەتیرۆر پێویستی بە خوێنی نوێ هەبوو بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی لە شەڕی داعش بەری کەوتووە، بۆیە دەرگەی دامەزراندنی کردەوە. 
 
سەباح نوعمان رایگەیاند، لە ساڵی 2015ـەوە هیچ دامەزراندنێک لە دەزگای دژەتیرۆر نەبووە، هەر بۆیە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی داوە لەسەر دامەزراندنی نزیکەی سێ هەزار کەس لە دەزگای دژەتیرۆر.  
 
سەباح نوعمان ئاشکرایکرد، لەبەیانیی ئەمڕۆوە دەرگەی خۆتۆمارکردن کراوەتەوە و ئەو گەنجانەی کە تەمەنیان لەنێوان 18 تاوەکو 30 ساڵ بێت، دەتوانن لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ناوی خۆیان تۆمار بکەن، پشکی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی رێژەی دانیشتووان دیاری دەکرێت.  
 
بە گوتەی سەباح نوعمان، لە یەکەمین رۆژی کاراکردنی ماڵپەڕی خۆتۆمارکردن 15 ملیۆن کەس سەردانی ئەو ماڵپەڕەیان کردووە. لینکی ئەلیکترۆنیی خۆتۆمارکردن تاوەکو کاژێر ـ12ی شەوی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.  
 
لیژنەیەکی تایبەتمەند پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بە فۆرمەکاندا دەکات کە تۆمارکراون و بانگیان دەکات بۆ پشکنینی جەستەیی و پزشکی و ئەو مەرجانەی دژەتیرۆر دیاریکردووە. 
 
دوای وەرگرتنی کۆتایی، خولێکی راهێنانی یەکساڵە بۆ ئەو سەربازانە دەکرێتەوە. دوای تەواوکردنی راهێنان، بەپێی تیروپشک شوێنی کار و ئەرکیان بۆ دیاری دەکرێت.   
 
لەم لینکەوە ناوی خۆت تۆمار بکە