'مقاوەمەی ئیسلامی' جارێکی دیکە ‌هێرشی کردە سەر بنکەی عەین ئەسەد

رووداو دیجیتاڵ 

گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن، لە ماوەی دوو رۆژدا بۆ جاری سێیەم بە درۆن هێرشیان کردە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە ئەنبار.
 
رۆژی شەممە، 27-01-2024 "مقاوەمەی ئیسلامی - شیعە" رایگەیاند، بە درۆن هێرشی کردووەتە هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی عەین ئەسەد، لە کەناڵی تەلەگرامی خۆیشی بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێت، "لە درێژەی بەردەوامبوونمان لەسەر رێبازی رووبەڕووبوونەوەی داگیرکەر، سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان لە غەززە، وەڵاممان لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییەی قەوارەی زایۆنی لە دژی دانیشتووانی غەززە دەیکات، موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر بنکەی ‌عەین ئەسەدی داگیرکراو لە رۆژئاوای عێراق." 
 
ئەو گرووپە چەکدارە شیعیە لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، بەردەوام دەبن لە لێدان لە "پێگەکانی دوژمن". رۆژی هەینییش مقاوەمە لە دوو راگەیێندراودا ئاماژەی بە هێرشێکی دیکە کردبوو بۆ سەر بنکەکە.
 
ئەوە سێیەم هێرشە ئەو گرووپە بیکاتە سەر بنکەکە لە دواى ئەوەى سوپاى ئەمریکا لە 24ـی کانوونى دووەمی 2024، کەتیبەکانی حیزبوڵڵای لە ئەنبار و بابل بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە چەکدارێکى ئەو گرووپە کوژرا.
 
گرووپەکە ماوەیەک بوو هێرشی نەدەکردە سەر بنکەی عەین ئەسەد، بەڵام رۆژێک دوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکە کردەوە.
 
گرووپەکانی نزیک لە ئێران کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن، لە 17-10-2023ـەوە زیاتر لە 140 جار هێرشیان کردووەتە سەر سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و دەڵێن، هێرشەکانیان لە وەڵامی پشتگیرکردنی ئەمریکایە لە ئیسرائیل.