هۆكاری کشانەوەی میلیشیاکان لە شەڕی تكریت ئاشكراكرا

رووداو- ئاژانسەکان

ژەنەڕاڵ لۆید ئۆستن، كە فەرماندەیەکی باڵای سوپای ئەمریکایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاشکرایکرد كە کشانەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، مەرجی سوپای ئەمریکا بووە بۆ ئەوەی لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی تکریتدا بکات. 


ئەم گوتانەی ئۆستن لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرێس، رۆژێک دوای هێرشەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر بنکەکانی داعش دێت لە ناو شاری تکریت. وەک ئۆستن ئاماژەی پێدەکات، سوپای عێراق داوای بەشداری هێزی ئاسمانی عێراقی کردبوو، بۆ ئەوەی سوپای عێراق کە بۆ ماوەی دوو هەفتە دەبێت توانای پێشڕەوی لەدەستداوە، بتوانێت جارێکی دیکە پێشڕەوی بکاتەوە.
 
کۆنگرێسمانەکانی ئەمریکا نیگەرانی خۆیان دەربڕیبوو، لەمەڕ بەشداریی ئاسمانی سوپای ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنی تکریت، لە کاتێکدا ئەم بەشدارییە دەکرێت وەکو هاوپەیمانییەک لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناو عێراقدا ببینرێت.
 
بەڵام ژەنەڕاڵ ئۆستن جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەی، پنتاگۆن بە هیچ شێوەیەک هاوکاری ئەو هێزە میلیشیاییە ناکات کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە، هەر بۆیەش پنتاگۆن داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، دڵنیاییان پێبدات کە ئەم میلیشیایانە چیدی بەشداری ئۆپەراسیۆنەکان نین.
 
لۆید دڵنیایی دایە لیژنەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێس، کە سوپای ئەمریکا لە هیچ حاڵەتێکدا بەشداری ئۆپەراسیۆنێک نابێت کە میلیشیاکان تێیدا بەشداربن، لە هەمانکاتیشدا ئاماژەی بەوەدا، هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئەمریکا، تەنها دوای دڵنیابوونەوە لە کشانەوە و بەشدارینەکردنی میلیشیاکان بووە.
 
ماوەی مانگێک دەبێت ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی تکریت دەستیپێکردووە، سەرەتا هێزەکانی هاوپەیمانان رایانگەیاند ئامادەنین بەهیچ شێوەیەک بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکان بن. بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی باڵای حکومی و سەربازی عێراق داوایان لە ئەمریکا کردبوو بە هێرشی ئاسمانی هاوکاری سوپای عێراق بکات.