رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە بڕیارێک بەشداریکردنی پۆلیس لە بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەخە دەکات و رایگەیاندووە، هەر ئەفسەر و پۆلیسێک هێرش بکاتە سەر بەربژێران، بۆ سنوور دەگوازرێتەوە.
ئەو نووسراوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە 24ـی ئابی 2025 لەسەر فەرمانی عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆ دەرچووە.
لە بڕیارەکەدا هاتووە: "هەر ئەفسەرێک یان کارمەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆمێنت بنووسێت، یان هێرش بکاتە سەر بەربژێرێک، یان بە خراپە باسی بکات و ئامادەی گردبوونەوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بێت، دەستبەجێ دەگوازرێتەوە بۆ سنوورەکان."
یەکێک لە رێکارەکانی سزادانی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەوەیە کە دەگوازرێنەوە بۆ سەر هێزەکانی پاسەوانیی سنوور و ئەرکیان لە سنوورەکانی عێراق دەبێت.
کۆپییەکی ئەو نووسراوە ئاراستەی پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین کراوە. یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بە رووداوی گوت: "نووسراوەکە لە وەزارەتی ناوخۆ دەرچووە و گشتێندراوە بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دەکرێت، بەڵام تائێستا رۆژی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری نەکراوە.
یاسین داودی گوتی: "پێشتر پۆلیس هەبووە کە بەشداریی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا کردووە و ئەو نووسراوە بۆ رێگری بووە لەو هەڵسوکەوتانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ