داعش بۆ ماوەیەکی کاتی دوو ناوچە لە روومادی كۆنترۆڵ دەكات
رووداو ـ هەولێر
دوای چەند كاژێرێك لە كۆنترۆڵكردنی لەلایەن چەكدارانی داعش، هێزە ئەمنییە هاوبەشەكانی عێراق هەردوو ناوچەی تاش و زانكۆیان لە روومادی كۆنترۆڵكردەوە، تاوەكو ئێستاش شەڕ و پێكدادان لە هەردوو ناوچەی 5 و7 كیلۆ بەردەوامە.
عامر ئەنباری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە روومادی رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 27-9-2017 كۆمەڵێك چەكداری داعش لەڕێگەی بیابانەوە دزەیانكردووەتە نێو شاری روومادی و توانیویانە بۆ چەند كاژێرێك هەردوو ناوچەی تاش و جامیعە كۆنترۆڵ بكەن، بەڵام هێزە ئەمنییە هاوبەشەكان رووبەڕوویان بوونەوە و لە ماوەیەكی كورتدا هەردوو ناوچەكەیان كۆنتترۆڵكردنەوە، لە ئەنجامدا 20 چەكداری خۆكوژی داعش كوژراون.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، تاوەكو ئێستاش لە هەردوو ناوچەی 5 و7 كیلۆ لە رۆژئاوای شاری روومادی سەنتەری پارێزگای ئەنبار شەڕ و پێكدادان بەردەوامە، هێزی ئەمنی زیاتریش رەوانەی ناوچەكە كراوە، هەروەها چەكدارانی داعش دانیشتووانیان دەستبەسەركردووە، سەرەڕای برینداربوونی زیاتر لە 30 كەسی سڤیل.
بەپێی زانیارییەكانی رووداو، ئەو چەكدارانە لە ناوچەی جەزیرەی تاش كە بە بنکەی سەرەكی شانە نووستوەكانی داعش دادەندرێت، هێرشیان كردووەتە سەر ئەو ناوچانە.
داڕشتنەوە: حەکیم داود