ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق: لەسەر رووداوەکەی حەمدانیە 11 کەس دەستگیرکراون

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، بەشێک لەو کەسانەی سەرپەرشتی رێکخستنی هۆڵی هەیسەمیان کردووە، دەستگیرکراون و یاری ئاگرین و رووپۆشی هۆڵەکە و نەبوونی دەروازەی دیکە جگە لە دەروازەی سەرەکی بە هۆکاری ئاگرەکە ناوبردووە. 
 
شەوی چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی قەزای حەمدانیەی پارێزگای نەینەوا بڵاوکردەوە. لەو راگەیێندراوەدا هاتووە: "دادگەی لێکۆڵینەوەی مووسڵ دوای رووداوەکەی شەوی سێشەممە ژمارەیەک رێکاری بەپەلەی گرتووەتەبەر."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، رووداوەکە کاژێر 11:30ـی شەوی سێشەممە روویداوە، ژمارەیەک کرێکار کە لەو شوێنە کاریان دەکرد و سەرپەرشتی رێکخستنی ئاهەنگەکە و یاریە ئاگرینەکانیان کردووە، دەستگیرکراون.
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە و خێرا تەشەنەسەندنی، دەڵێت "رووپۆشکردنی سەقفی هۆڵەکە بە قوماش هۆکاری ئاگرەکە و خێرا بڵاوبوونەوەی بووە، وایکردووە بنمیچەکە بسووتێت و کارەبا ببڕێت، داخستنی دەرگەی سەرەکیی هۆڵەکەش هۆکارێکی دیکە بووە، چونکە هیچ دەروازەیەکی دیکە نەبووە بۆ جێهێشتنی هۆڵەکە." 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، "دەرگەی فریاگوزاری دەرگەیەکی بچووک و شاراوە بووە و بەهۆی زۆریی ژمارەی بەشدارانی ئاهەنگەکە، کەس نەگەیشتووەتە دەروازەکە، بەڵام ئاگرەکە وایکردووە هاووڵاتییانی نێو هۆڵەکە، ترسیان لە لا دروست ببێت، لەو کاتەشدا پاڵیان بە یەکدییەوە ناوە و پاڵەپەستۆ دروست بووە." 
 
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە لەوەی، دادوەری لێکۆڵینەوە پشکنینی بۆ شوێنی رووداوەکە کردووە و گوتەی لەو نۆ کەسە وەرگرتووە، کە دەستگیرکراون و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەمیر سولاقە، خاوەنی هۆڵەکە و مارتن، (عیسام)، سەرپەرشتیاری رێکخستنی هۆڵەکە دەرکردووە، بەپێی بڕگەکانی یەک و دوو و چواری مادەی 324ـی یاسای سزادانی عێراق.
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەبارەی دەستگیرکردنی خاوەنی هۆڵەکە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت، سەمیر سولاقە و بەشێک لە تۆمەتبارەکانی دیکە، خۆیان رادەستی دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر کردووە و لەلایەن ئەو دەزگایانەوە وەرگیراون و بۆ شاری مووسڵ گواستراونەتەوە.
 
شەوی سێشەممە، 26ـی ئەیلوولی 2023،  لە هۆڵی هەیسەم، لە قەزای حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوەدا، ئاگرێک لە سەقفی هۆڵەکە کەوتەوە، بەپێی ڤیدیۆیەکی تایبەت بۆ رووداو نێردراوە، گڕی یارییە ئاگرینەکان دەگاتە سەقفی هۆڵەکە و ئاگرەکە دروست دەبێت، بەهۆی رووداوەکەشەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و 150 کەسیش بریندار بوون.
 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سێ رۆژ ماتەمینیان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق راگەیاند، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە پێکهێنراوە و بڕیارە لەماوەی 72 کاژێردا ئەنجامەکانی رادەست بکات.