چوارچێوەی هاوئاهەنگی: ئاسایش و سەقامگیریی پایتەخت هێڵی سوورە


رووداو دیجیتاڵ 

چوارچێوەی هاوئاهەنگی نیگەرانیی خۆی لە رووداوەکانی بەغدا دەردەبڕێت و رایدەگەیێنێت، پشتیوانیی تەواوی بڕیار و رێکارەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکات بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و هۆشدارى دەدات لەوەى "ئاسایش و سەقامگیریی پایتەخت هێڵی سوورە".
 
ئەو هاوپەیمانێتییە شەوی یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، کۆبووەوە و سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەکانی بەغدا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. تێیدا هاتووە: "سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە دەکەین کە کرایە سەر یەکێک لە فەرمانگەکانی کشتوکاڵ لە بەغدا. بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو رووداوە دڵتەزێنانە دەکەین کە شاری بەغدای گرتووەتەوە، لەگەڵ ئەو پشێوییەی چەکی بێ کۆنترۆڵ و دەستدرێژییە ئاشکرایەی بۆ سەر شکۆی دەوڵەت و سەروەریی یاسا، کە هاوکات لەگەڵیدا روویاندا."
 
بەیانیی رۆژی یەکشەممە، هاوکات لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرێکی نوێ لە فەرمانگەیەکی کشتوکاڵ لە بەری کەرخی بەغدا، ژمارەیەک چەکداری سەر بە دوو لیوای حەشدی شەعبی هەڵیانکوتایە سەر فەرمانگەکە. لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، کارمەندێکی پۆلیسی فیدراڵی کوژرا.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیارەکانی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و، "رێکارە تووندەکانی" بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و لێپرسینەوە لە هەر کەسێک دووپاتکردەوە کە سەرپێچیی یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەت بکات.
 
بەهۆى ئەو رووداوەوە 14 چەکدارى هەردوو لیواى 45 و 46ى حەشدی شەعبی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئاسایش و سەقامگیریی پایتەخت هێڵی سوورە و رێگەش بە هیچ لایەنێک نادرێت، پاڵنەرەکانی هەرچییەک بن، شکۆی دەوڵەت بشکێنێت یان ئاسایشی هاووڵاتییان بخاتە مەترسییەوە."