لە زیقار حەوت زیارەتکاری ئێرانی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی سۆمەر لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی پێکدادانی پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی لەسەر رێگەی ناسریە و سەماوە لەگەڵ بارهەڵگرێکدا حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و 30ی دیکەشیان بریندار بوون.
 
رۆژی دووشەممە 28-08-2023 عەمید مەیسەم جبووری، گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی سۆمەر لە پارێزگای زیقار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 3:30ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی لەگەڵ بارهەڵگرێکدا لەسەر رێگەی خێرای نێوان ناسریە و پارێزگای موسەنا تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون، بەهۆیەوە حەوت زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و 30ی دیکەشیان بریندار بوون."
 
سەبارەت بە تەندروستیی بریندارەکان گوتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی سۆمەر لە پارێزگای زیقار گوتی، "تەندروستیی هەندێکیان ناجێگیرە، بۆیە رەنگە ژمارەی گیانلەدەستدان زیاد بکات."
 
دکتۆر راشد نەجم خالیدی، بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای زیقار لەبارەی رووداوەکەوە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، "رووداوەکە بەهۆی پێکدادانی پاسێک، کە سەرنشینی ئێرانیی تێدابووە، لەگەڵ بارهەڵگرێکی عێراق روویداوە، بەهۆیەوە 30 کەس بریندار بوون، حەوت کەسیش گیانیان لەدەستدا، لەنێو ئەوانەی مردوون پێنج کەس لە رەگەزی نێر و یەک منداڵ و ئافرەتێکی بەتەمەن هەن."
 
بریندارەکان ئێستا لە نەخۆشخانەی فێرکاریی ناسریەن. خالیدی گوتی، هەموو رێوشوێنێک بۆ بەهاناوەچوونیان گیراوەتەبەر و هەموو کارێک دەکەن بۆ رزگارکردنی بریندارەکان.
 
ئەو سەرنشینانەی لە پاسەکەدا بوون بەنیازبوون بەرەو شاری کەربەلا بڕۆن، کە بڕیارە 6ی ئەم مانگە چلەی کوژرانی ئیمام حوسێنی تێدا بکرێتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە 28-08-2023 بڵاویکردەوە، دوو ملیۆن و 500 هەزار زیارەتکاری شیعەی ئێرانی چوونەتە عێراق بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن.
 
ئیمامی حوسێن، کوڕی ئیمامی عەلی، چوارەم جێنشینی پەیامبەری ئیسلامە، ساڵانە لە یادی چلەی ماتەمینییەکەیدا، شیعەکانی جیهان روو لە عێراق دەکەن بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکان کە لە کەربەلا بەڕێوەدەچن. ساڵانە نزیکەی 4 بۆ 5 ملیۆن ئێرانیش بۆ ئەو مەبەستە، سەردانی عێراق دەکەن.