کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: زیاتر لە 6000 بەربژێر کێبڕکێ لەسەر 285 کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند 6022 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر کردووە، بەشێکیان سەربەخۆ و بەشێکیشیان لە چوارچێوەی 66 حیزب و هاوپەیمانێتیدان. دەشڵێت، لەگەڵ رێکخراوەکانی تایبەت بە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان لەسەر هێڵن بۆئەوەی چاودێریی شەفافانەی هەڵبژاردن بۆ ئەوان و دەزگاکانی راگەیاندن دەستەبەر بکەن.
رۆژی دووشەممە 28-08-2023 جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی دوایین ژمارەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەرگای پێشکێشکردن بۆ بەربژێران و هاوپەیمانێتییەکان داخراوە، بەپێی ئامار و ژمارەکانی بەردەست، تائێستا 6022 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەربژێر کردووە، بەشێک لەو بەربژێرانە ئەوانەن کە بەربژێری سەربەخۆ و تاکە کەسین، بەڵام بەشێکی دیکەیان ئەوانەن کە لە چوارچێوەی 66 حیزب و هاوپەیمانێتیدا خۆیان تۆمار کردووە."
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 285 کورسی پێکدێت، کە 10 کورسییان بۆ پێکهاتەکان لە چوارچێوەی کورسیی کۆتا تەرخان دەکرێن، بەو پێیە ئەگەر ئەو کەسانەی خۆیان بەربژێر کردووە دابەشی کورسییەکان بکرێن، هەر کورسییەکی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە تێکڕا زیاتر لە 21 بەربژێر رکابەرایەتیی لەسەر دەکەن.
بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2023 کە یاسای "هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاکانی عێراق ژمارە 12ی 2018"، کورسییەکانی "ئاسایی" ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکان و بە رەچاوکردنی ژمارەی دانیشتووان دابەشکراون:
- ئەنبار: 16
- بەسرە: 22
- دیوانیە: 14
- موسەنا: 12
- نەجەف: 15
- بابل: 18
- بەغدا: 49
- دیالە: 15
- زیقار: 18
- سەلاحەدین: 15
- کەربەلا: 13
- کەرکووک: 15
- میسان: 13
- نەینەوا: 26
- واست: 14
هەروەها 10 کورسیی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی کریستیان و ئێزدی و شەبەک و سابیئەی مەندایی و فەیلی تەرخانکراون بەمشێوەیە:
- سێ کورسی بۆ پێکهاتەکانی کریستیان، سابیئەی مەندایی، فەیلی لە پارێزگای بەغدا.
- سێ کورسی بۆ پێکهاتەکانی کریستیان، ئێزدی، شەبەک لە پارێزگای نەینەوا.
- کورسییەک بۆ کریستیان لە پارێزگای بەسرە.
- کورسییەک بۆ کوردی فەیلی لە پارێزگای واست.
- کورسییەک بۆ سابیئەی مەندایی لە پارێزگای میسان.
- کورسییەک بۆ کریستیان لە پارێزگای کەرکووک.
بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەربژێران و هاوپەیمانی و حیزبەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەمشێوەیەن:
- ژمارەی هاوپەیمانێتییەکان: 38
- حیزبەکان "بەبێ کۆتا": 28
- حیزبەکانی بەشدار بۆ کۆتا: 8
- حیزبەکانی پێکهاتەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن : 10
- بەربژێران: 6022
- بەربژێرانی هاوپەیمانێتییەکان: 4223
- بەربژێرانی حیزبەکان: 1729
- بەربژێرانی تاکەکەسی: 70
- بەربژێرانی تاکەکەسی بۆ کورسیی گشتی: 22
- بەربژێرانی کریستیان: 16
- بەربژێرانی سابیئەی مەندایی: 10
- بەربژێرانی کوردی فەیلی: 13
- بەربژێرانی شەبەک: 5
- بەربژێرانی کوردی ئێزدی: 4 کەس
- بەربژێرانی پێکهاتەکان: 48
- کۆی هاوپەیمانێتی و حیزب و تاکەکەس: 136