دادگەی فیدراڵی سکاڵایەک رەتدەکاتەوە کە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو

رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای پارتێکی عێراقی رەتکردەوە، کە داوایکردبوو حکومەتی عێراق پابەند بکات بە پێدانی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. ئەمینداری پارتی ئوممەی عێراقی کە سکاڵاکەی تۆمارکردبوو، دەڵێت، "پاساوی دادگەکە ئەوەبوو من کورد نیم و زەرەرمەند نیم لەو بابەتە، بەڵام سکاڵاکە بەشێوازێکی دیکە پێشکێش دەکەمەوە."
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ (سێشەممە، 28-11-2023) دادگە بۆ تاوتوێکردنی دوو سکاڵای پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاری رەتکردنەوەی ئەو سکاڵایەی دا کە لەلایەن مەحموود حوسێن رەزا عگێلی، ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقییەوە لە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دژی پێنەدانی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان تۆمارکرابوو.
 
مەحموود عگێلی، ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقی، ئەمڕۆ دوای بڕیاری کۆتایی دادگەی فیدراڵی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دادگەی فیدراڵی سکاڵاکەی رەتکردەوە، چونکە پێیانگوتم من لە نەتەوەی کورد نیم و لەنەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پێنەدانی مووچەی فەرمانبەرانی زەرەرمەندنیم، بۆیە رەتکرایەوە."
 
لەگەڵ ئەوەشدا رژبوونی خۆی بۆ دووبارە سکاڵاکردن نیشاندا و گوتی: "من لەدوای بڕیارەکەی دادگە پەیوەندییم بە هەندێک لە دۆست و نزیکەکانم لە برایانی کورد کرد و بڕیارە بەناوی ئەوانەوە سکاڵایەکی دیکە پێشکێش بکەینەوە."
 
نیگەرانیی خۆشی لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دەربڕی و بە "نەگونجاو" ناوی هێنا و گوتی: "دەبووایە دادگەکە بزانێت ئێمە نوێنەرایەتی پارتێکی سیاسیی دەکەین کە رۆڵەی کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە و ئاین و مەزهەبەکان بەبێ جیاوازی ئەندامن لەلای ئێمە و بۆ ئێمە هەموو ئەو پێکهاتانە یەکن و بەرگری لەهەموویان دەکەین."
 
سکاڵاکە ژمارەی 227ـی فیدراڵیی 2023ـی هەبوو، لە رۆژی 29-10-2023ـوە بۆ ئەمڕۆ دواخرابوو. لە سکاڵاکەدا سکاڵاکار داوایکردبوو دادگەی باڵای فیدراڵی، حکومەتی عێراق پابەند بکات بە خەرجکردنی شایستە داراییە دواکەوتووەکانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 هاتووە و پێدانی مووچەکان لە وادەی خۆیاندا هاوشێوەی فەرمانبەرانی فەرمانگە و دامەزراوەکانی فەرمی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
 
پارتی ئوممەی عێراقی پارتێکی لیبراڵە و لە ساڵی 2004 لەلایەن میسال ئالووسی، سیاسەتمەداری عێراقییەوە دامەزراوە، کاردەکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک لەسەر بنچینەی هاووڵاتیبوون کە بنچینەکەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان بێت و، خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییانی بەدیبهێنێت وەکو لە کارنامەکەیدا هاتووە.
 
دوای ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەبارەی شایستە داراییەکانی کوردستانەوە کێشە کەوتووەتە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەهۆی ئەو ناکۆکییە و راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ زیاتر لە 200 رۆژ، مووچەی مانگی تەمموزی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوای زیاتر لە 80 رۆژ دابەشکرا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندییش، بەردەوامن لە تۆمەتبارکردنی یەکدی لەوەی هۆکاری جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەن و پابەندییەکانیان بەرامبەر بەوی دیکە جێبەجێ ناکەن.
 
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق، پشکى هەرێمى کوردستان زیاتر لە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارى بودجەى عێراق.