بەرپرسێکى رەوتى حیکمە لەبارەى دانانى سیستمى بەرگرى بۆ هەرێمى کوردستان: بەهەر 10 پەنجە مۆرى دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان لەبارەى هێرشکردنە سەر کێڵگەى کۆرمۆر و ئەنجامدەرەکەى رابگەیێنرێت، لەبارەى دانانى سیستمى بەرگرى لە هەرێمى کوردستان دەڵێت، "بەهەر 10 پەنجە مۆرى دەکەین و ئامادەشین ئەو داوایە لە حکومەت بکەین."
ئەحمەد عیساوى، ئەندامى دەستەى گشتیى رەوتى حیکمە لەبارەى هێرشی سەر کێڵگەى کۆرمۆر بە رووداوى راگەیاند: "ئەوەی کە کرا هێرشێکی تیرۆریستی بوو لە دەرەوەی دەسەڵاتی عێراق، هەر کەسێک بێت، دەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت."
ئەحمەد عیساوى لە کاتی بەشداریکردنى لە بووڵتەنی 11:00ى رووداو گوتى: "چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانین، پێویستە وەزارەتەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق هەڵوێستێکی جێگیریان هەبێت و بە خێرایی بۆ رای گشتی ئاشکرای بکەن کە کێ لەپشت ئەو هێرشانەوە بووە، لەبەر ئەوەی تۆمەتبارکردنی ناوخۆیی و لایەنی نێودەوڵەتی هەیە و راگەیاندنی ئەنجامەکان گوشاری یەکدی تۆمەتبارکردن کەم دەکاتەوە".
رۆژی هەینى، 28ى تشرینى دووەمى 2025، لیژنەى لێکۆڵینەوەى لە رووداوى هێرشکردنە سەر کێڵگەى کۆرمۆر گەیشتنە شوێنى رووداوەکە.
ئەندامەکەى دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە دەڵێت: "ئەم هێرشە جیاوازە، نابێت وەک هێرشەکانی دیکە بێت کە رابگەیێنرێت و دوای ماوەیەک ئەنجامەکەی بشاردرێتەوە، چونکە ئەم هێرشە ستراتیژییە لە دژی کێڵگەیەک کە تەنیا سوودی بۆ هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو سوودی بۆ عێراقیش هەیە؛ گرنگترین کێڵگەی گازە".
هێرشەکە شەوى 26ى تشرینى دووەم کراو کۆگایەکى کێڵگەى کۆرمۆرى کردە ئامانج، بە هۆیەوە کێشە بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا دروست بوو.
لەبارەى دانانى سیستمى بەرگرى بۆ هەرێمى کوردستان و کێڵگەکانى وزە، ئەحمەد عیساوى گوتى: "بە هەر دە پەنجە مۆری رەزامەندی دەکەین و ئامادەشین لەو رووەوە داوا لە حکومەتی عێراق بکەین، دانانی سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی لەناو کێڵگەکەدا پێویستییەکی هەرە گرنگە، چونکە ئەوە سامانی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستانە".