سەدر داوا دەکات ئەمریکییەکان لە عێراق دەربکرێن
رووداو- بەغدا
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ رێگری لە چوونی عێراقییەکان بۆ ئەمریکا، رێبەری رەوتی سەدر داوا دەکات ئەمریکییەکان لە عێراق دەربکرێن و دەڵێت "چوونی ئەمریکییەکان بۆ هەموو وڵاتان و رێگەگرتن لە چوونی خەڵکی دیکە بۆ ئەمریکا، خۆ بەزلزانینە".
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت "نوێنەرەکانت لە عێراق ببە دەرەوە، ئینجا خەڵکی دیکە".
لێدوانەکەی سەدر دوای ئەوە دێت بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە رێگریکردن لە چوونی خەڵکی حەوت وڵاتی زۆرینە موسڵمان بۆ ئەمریکا، لەنێویاندا عێراق و ئێران، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
شەوی رابردووش (28-1-2017) لە قاهیرە رێگە نەدرا پێنج عێراقی بچنە ئەمریکا و گەڕێندرانەوە، هەروەها عێراقییەکی دیکەش لە نیویۆرک دوای گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانە بۆ چەند کاژێرێک دەستبەسەرکرا.
داڕشتنەوە: حەکیم داود