وەزارەتی ناوخۆی عێراق كۆنتڕۆڵكردنەوەی دەروازەكانی ترێبل و وەلیدی راگەیاند

رووداو - هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی عێراق كۆنتڕۆڵكردنەوەی دەروازەكانی ترێبل و وەلیدی لەلایەن هێزە ئەمنییە عیراقییەكانەوە راگەیاند.

سەعد مەعن، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لیدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەروازەی ترێبل 100% لەژێر كۆنتڕۆڵ و ئیدارەپێكردنی هێزە ئەمنییەكاندایە.

مەعن گوتیشی، لە دەروازەی ترێبل لە دوو رۆژی رابردوو 275 بارهەڵگری گەورە هاتوونەتە ناو خاكی عێراق و دەروازەی وەلیدیش بەهەمانشێوە كۆنترۆڵكراوە.

گوتەبێژی وەزارتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بە رۆڵی هۆزەكانی ئەو ناوچەیە كرد لە یارمەتیدانی هێزە ئەمنییەكان و گوتیشی "راستە هاتووچۆی دەروازە سنوورییەكان كەم بووەتەوە، بەڵام بارودۆخی ئەمنی جێگیرە".

دەروازەی ترێبل خاڵی سنووریی نێوان عێراق و ئوردنە، دەروازەی وەلیدیش خاڵی سنووریی نێوان عێراق و سووریایە.