سەلوان مۆمیکا لە فەرماندەی گرووپێکی چەکدار و سیاسەتمەدارێکی کریستیانەوە بۆ 'بێدینی' و سووتاندنی قورئان
رووداو دیجیتاڵ
سەلوان مۆمیکا، ئەو پەنابەرە عێراقییەی کۆپییەکی قورئانی لەپێش مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد سووتاند، پێشتر فەرماندەی گرووپێکی چەکدار بووە بەناوی (کەتیبەکانی هەڵۆکانی سریان) و چوار ساڵ سەرۆکایەتیی پارتێکی سیاسیی کردووە بەناوی (پارتی یەکێتیی سریانی دیموکراسی) کە خۆی دامەزرێنەری بووە. دوای ناکۆکی لەگەڵ رەیان کلدانی، فەرماندەی گرووپی چەکداریی بابلیۆن لەنێو حەشدی شەعبی، بۆ ماوەی 18 رۆژ دەستگیر کراوە، یەکێک لە هاوڕێکانی دەڵێت، "ئەو لە بنەچەدا کریستیان و سریانی بووە، بەڵام دواتر بووەتە کەسێکی بێدین و ئەوەشی راگەیاندووە."
رۆژی چوارشەممە 28-6-2023، لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، داواکردنی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە 05-02-2023وە لەلایەن ئەو عێراقییەوە پێشکێشی پۆلیسی ستۆکهۆڵم کراوە، بەڵام رۆژی 10ی شوبات پۆلیس داواکارییەکەی رەتکردەوە کە سەرەتا داوایکردبوو لەپیش باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم ئەو کارە بکات، دواجار لە رێگەی سکاڵا لە دادگەی کارگێڕییەوە داواکەی سەلوان مۆمیکا پەسندکرا و دوێنێ ئەو کارەی کرد.
رووداو بەدواداچوونی بۆ ژیان و وردەکاریی زانیارییەکان لەسەر سەلوان مۆمیکا کرد، ئەو گەنجە ناوی تەواوی سەلوان سەباح مەتی مۆمیکایە، لەدایکبووی 23-06-1986ی شارۆچکەی حەمدانییە (قەرەقووش)ی زۆرینە کریستیاننشینی سەر بە پارێزگای نەینەوایە، لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە. خۆی بە نووسەر و بیرمەند و چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ دەناسێنێت، هەرچەندە لە نەتەوەی سریانە، بەڵام لە ساڵی 2019وە خۆی وەکو 'بێ دین' ناساندووە.
سەلوان، پێشتر لە بەغدا ژیاوە، دوای سەرهەڵدانی داعش لە ساڵانی 2016 و 2017 گرووپێکی چەکداریی بەناوی "کەتیبەکانی هەڵۆکانی سریان" و پارتی یەکێتیی سریانیی دیموکراتی دامەزراندووە.
بە تەواو دژی هەژموونی حەشدی شەعبی و هێزە چەکدارە کریستیانەکان بووە لە ناوچە کریستیاننشینەکان، بۆیە لە ئاداری ساڵی 2017 گرووپە چەکدارەکەی هێرش دەکەنە سەر کەتیبەکانی بابلیۆنی سەر بە "رەیان کلدانی" و شەڕ لەنێوانیاندا بەرپا بووە، بەڵام دواتر لە رۆژی 14ی شوبات لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە دەستگیر کرا و بۆ ماوەی 18 رۆژ دەستبەسەر بووە، دواتریش ئازاد دەکرێت.
سەلوان تەمەنی 37 ساڵە و خۆی بە عێراقییەکی لیبڕاڵ، عەلمانی و بێدین دەناسێنێت، ئەندامی پارتی دیموکراسییەکانی سوێدە، دەرچووی پەیمانگەی نەینەوایە بۆ گەشتیاری و هۆتێل، بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لەگەڵ برا و کەسە نزیکەکانی پەیوەندیی خراپە و لەگەڵ باوکیشیدا ناکۆکە.
سەباح مەتی، باوکی سەلوان لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بەریبوونی خۆی لە کوڕەکەی راگەیاند و کارەکەی بە نەشیاو دەزانێت، ئەو پیاوە کە لە ئەڵمانیا دەژی، دەڵێت، "ئەوەی کردوویەتی دژی بیروباوەڕەکانی ئێمەیە."
سەلوان مۆمیکا، پێشتر لەنێو هاوڕێیەکانی بە کەسێکی تووندڕۆ ناوی دەرکردووە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، ئەو هێزە چەکدارییەی دایمەزراندووە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەزای حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوا بووە، لە دەرەوەش پشتیوانی کراوە.
رۆژی 22ی تەممووزی 2022 لە کاتی خۆپێشاندانی سەدرییەکان لەنێو پەرلەمانی عێراق، پۆستێکی کرد و وێنەیەکی زۆری لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دوو رکات نوێژم کرد و گەڕامەوە بۆ سوێد، گوێ بادان، سەید فەرمان دەکات،" کە مەبەستی موقتەدا سەدرە.
سەلوان مۆمیکا، رۆژی 14ی شوبات داوایەکی خستە بەردەم دادگەی کارگێڕی لە ستۆکهۆڵم بۆ رازیبوون لەسەر بابەتەکە، دواتر لە رۆژی یەکەمی جەژنی قوربان، قورئانی پیرۆزی سووتاند و کاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی جیهان لێکەوتەوە.