وەزارەتی دەرەوەی عێراق: باڵیۆزی سوێدمان بانگکرد و نامەیەکی ناڕەزایەتیی تووندمان پێگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە چوارچێوەی لێکەوتەکانی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی عێراقییەوە لە سوێد رایگەیاند، وەزارەتەکەیان باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عێراقی بانگ کردووە و پەیامێکی "تووندی" نیگەرانیی وڵاتەکەیان پێگەیاندووە لەپای رێگەپێدان بە سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز.
 
رۆژی پێنجشەممە 29-06-2023 ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی سووتاندنی قورئان لە یەکەم رۆژی جەژن لەلایەن کەسێک بەناوی سەلوان مۆمیکا کە پەنابەرێکی عێراقیی نیشتەجێی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێدە، دوایین هەڵوێستی وڵاتەکەی راگەیاند و ئاشکرای کرد، "وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگی باڵیۆزی سوێد لە عێراقی کرد و پەیامێکی ناڕەزایەتیی تووندی عێراقی پێگەیاند بەهۆی رێگەپێدانی حکومەتی سوێد بە تووندڕەوان بۆئەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لە پایتەختی ئەو وڵاتە بسووتێنن."
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوا لە حکومەتی سوێد دەکات رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ راگرتنی دووبارەبوونەوەی "سووکایەتیکردنەکان بە قورئانی پیرۆز، رێوشوێنە یاساییەکان و ئازادیی رادەربڕین رێگە بە سووکایەتیکردن بە پیرۆزییە ئایینییەکان نادات."
 
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی بەناوى سەلوان مۆمیکا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، رووداوەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.
 
هەڵوێستەکەی سەلوان، لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەی تووندی بەدواداهات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوێد بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینییەوە، بەڵام لە عێراق تووندترین هەڵوێست روویدا و خۆپێشاندەران ئێوارەی پێنجشەممە چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا و بەڵێنیشیان داوە هەینی لەسەر داوای موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر خۆپێشاندانی ملیۆنی بکەن.
 
وەزارەتی دەرەوەی سوێد بە رووداوی راگەیاند، "بە باشی ئاگاداری دۆخی باڵیۆزخانەکەمانین لە بەغدا، ستافی باڵیۆزخانەکەمان لە شوێنێکی سەلامەتن و وەزارەتی دەرەوە لەگەڵیان لە پەیوەندیی بەردەوامدایە."