سەرۆککۆماری عێراق: سووتاندنی قورئانی پیرۆز پەیوەندی بە ئازادیی بیروڕا و باوەڕەوە نییە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، سووتاندنی قورئان سووکایەتیکردن و تاوانێکە و دوور و نزیک پەیوەندی بە ئازادیی رادەبڕین و بیروباوەڕەوە نییە. داواش لە لایەنە یاسایی و سیاسی و رۆشنبیرییەکانی وڵاتانی جیهان دەکات هەڵوێستی جیدی و بەرپرسیارانەیان هەبێت و رژدبێت لەسەر رێزگرتنی بیرکردنەوە و بیروباوەڕ و پابەندبوون بە ئایینەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 29-6-2023، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کاردانەوەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی عێراقییەوە لەبەردەم مزگەوتی گەورەی شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، راگێیندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، بە توڕەییەکی زۆرەوە چاودێریی ئەو رەفتارە نابەرپرسیارانە دەکەن کە لە سوێد کاری پێدەکرێت و پێشتریش لە هەندێک لە وڵاتان کاری پێکراوە. دەشڵێت، بێدەنگبوون لەسەر ئەو دەستدرێژییانەی لەسەر قورئانی پیرۆز هەیە کە مایەی قبووڵکردن نییە.
 
لەتیف رەشید لە پەیامەکەیدا باسی لەوەش کردووە کە "ئەو دەستدرێژی و سووکایەتییانە دوور و نزیک پەیوەندییان بە ئازادیی بیروڕا و باوەڕەوە نییە، بەڵکو چەقۆ لێدانە لە کرۆکی ئەو ئازادییە، ئەوانە تاوانێکن لە دژی کۆی مرۆڤایەتی، وەکو سووکایەتیکردنی بە بیروباوەڕەکانی مسوڵمانان کە رێز لە کتێبە پیرۆزەکانی سەرجەم ئایینەکان دەگرن و رێز لە مافی خەڵک لە ئازادی بیرکردنەوە و باوەڕ دەگرن و پێشتر هۆشداریمان لەو جۆرە رەفتارە لادەرە داوە و ئاگاییمان لەبارەی مەترسییەکانی لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکانی داوە."
 
لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەشڵێت، "دەستدرێژییەکانی سەر قورئانی پیرۆز تاوانێکە لەرێگەیەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر ئازادی و مافی بیرکردنەوە و باوەڕ، ئەوەش لایەنە بەرپرسیارەکانی ئەو وڵاتانەی ئەو جۆرە دەستدرێژییانەیان تێدا روویداوە دەخاتە هەڵوێستێکی ناخۆشەوە کە بەتەواوەتی لەگەڵ پابەندبوونیان بە ئازادی بیرکردنەوە و باوەڕ ناگونجێت، هەروەها لە یاسا و رێسا و ئەو رێککەوتننانەی کە ئازادی مرۆڤ لە باوەڕەکانی و رێزگرتن لە مافەکانی دەردەچێت، وە نابێت ئازادی تاکەکەسی بقۆزرێتەوە بۆ کردنی رەفتاری ناهاوسەنگ کە سووکایەتی بە بیروباوەڕەکانی ئەوانی دیکە لەژێر پاساوی ئازادی رادەربڕین و بیروڕا دەکات."
 
سەرۆککۆماری عێراق داوا دەکات وڵاتان بێدەنگ نەبن و دەشڵێت، "چاوەڕوانین لە رۆشنگەرە ئازادەکانی جیهانی ئازاد دەکەین هەڵوێستیان هەبێت بۆ پاراستنی ئازادی بیرکردنەوە و باوەڕ و رێز لە مافی ملیارەها کەس لە دیندارییان بگرێت و پایەی جیاوازی و فرەیی لە خێزانی نێودەوڵەتیدا بەرزبکاتەوە."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت: "هەروەها چاوەڕوانین لە لایەنە یاسایی و سیاسی و رۆشنبیرییەکانی سەرجەم وڵاتانی جیهان هەڵوێستی جیددی و بەرپرسیارانەیان هەبێت کە رژدبێت لەسەر رێزگرتن لە مافەکانی بیرکردنەوە و باوەڕ و دینداری و مافەکانی پێکەوەژیانی ئازاد و برایەتی لەنێوان مرۆڤەکان هەرچەندە لە بیروباوەڕ و ئاینەکانیان جیاوازبن بپارێزێت."