وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ سوێد: سەلوان مۆمیکامان رادەست بکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، داوایان لە دەسەڵاتدارانی سوێد کردووە ئەو پەنابەرە عێراقییەی رۆژی چوارشەممە لەبەردەم مزگەوتی گەورەی شاری ستۆکهۆڵمی سوێد قورئانی پیرۆزی سووتاند، رادەستی عێراق بکەنەوە بۆئەوەی دادگایی بکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 29-06-2023 ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە درێژەی کاردانەوەکانی وەزارەتەکەی لە دژی سەلوان مۆمیکا، ئەو پەنابەرە عێراقییەی لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان قورئانی پیرۆزی سووتاند رایگەیاند، "ئەو کەسەی سووکایەتیی بە قورئانی پیرۆز کردووە، بە رەگەزنامە عێراقییە، بۆیە داوا لە دەسەڵاتدارانی سوێد دەکەین رادەستی حکومەتی عێراقی بکاتەوە بۆئەوەی بەپێی یاسای عێراقی دادگەیی بکرێت."
 
رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پەنابەرێکی عێراقی بەناوى سەلوان مۆمیکا لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵم لە سوێد، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، رووداوەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 29ی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی سوێدی لە بەغدا بانگکرد و نامەیەکی تووندی ناڕەزایەتی پێدا بەهۆی مۆڵەتدانی دەسەڵاتدارانی شاری ستۆکهۆڵم بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن ئەو پەنابەرە عێراقییەوە.
 
هەڵوێستەکەی سەلوان، لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەی تووندی بەدواداهات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوێد بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینییەوە، بەڵام لە عێراق تووندترین هەڵوێست روویدا و خۆپێشاندەران ئێوارەی پێنجشەممە چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا و بەڵێنیشیان داوە سبەی لەسەر داوای موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر خۆپێشاندانی ملیۆنی بکەن.