جیهان تائی بۆ رووداو: پارتێکی تایبەتمان بە ژنان دامەزراند و کۆتای پیاوانیشمان دانا

رووداو دیجیتاڵ 

لە بەغدای پایتەختی عێراق، پارتێکی نوێی سیاسی، کە بە تەواوی لەسەر پرسی ژنان و بەهێزکردنی رۆڵیان دامەزراوە، مۆڵەتی فەرمی وەرگرت. پارتی مەوەدەی ژنان، بە سەرۆکایەتیی دامەزرێنەر و ئەمینداری گشتی جیهان تائی، ئامانجی ئەوەیە ببێتە دەنگێکی جیاواز و کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا، کە زۆرینەی لەژێر کۆنترۆڵی پیاواندایە.
 
جیهان تائی لە بەرنامەی "نووڕۆژ"ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند پارتەکەیان لە ئازار و مەینەتییەکانی ژنانی عێراقەوە سەری هەڵداوە و گوتی: "ژنان لە کۆمەڵگەی عێراقدا لە نیوە زیاترن. پارتەکەمان بەهۆی رۆڵی پشتگوێخراوی ژنان و دوورخستنەوەی راستەقینەیان لە هەموو بوارەکانی ژیان، بەتایبەتی لە ناوەندی بڕیاردان، دامەزرا."
 
زیاتر لە 7000 ئەندام و کۆتا بۆ پیاوان
 
سەبارەت بە میکانیزمی دامەزراندن، تائی ئاشکرای کرد، کە دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ئامادەکاری، کۆنگرەی دامەزراندنیان بەستووە. هەرچەندە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت 2500 ئەندام پێویست بوون، بەڵام پێشوازییەکی زۆری لێ کراوە.
 
تائی دەڵێت: "تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەندامانمان 7000 کەسی تێپەڕاندووە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە خەڵک باوەڕی بە پارتەکانی ژنان هەیە. جێگەی سەرنجە کە ئێمە پشتگیرییەکی گەورەمان لەلایەن پیاوانیشەوە بینی."
 
بەپێی یاسای پارتەکانی عێراق، پارتی مەوەدە ناچار بووە رێژەیەک لە ئەندامەکانی بۆ پیاوان تەرخان بکات. ئەمینداری گشتیی پارتەکە رایگەیاند: "هەروەک چۆن لە پارتەکانی پیاواندا کۆتا بۆ ژنان هەیە (بە رێژەی چارەکێک)، لە پارتی ئێمەی ژنانیشدا مەرج بوو کە سێیەکی ئەندامان پیاو بن. ئێمە ئەم مەرجەمان قبووڵ کرد، چونکە پارتێک تەنیا بۆ یەک رەگەز نابێت."
 
ئاستەنگە بیرۆکراتییەکان و هەڵبژاردنەکانی رابردوو
 
پارتی مەوەدە بەهۆی "رێکارە بیرۆکراتییەکان" لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەتایبەتی لە دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری کە دۆسیەکەیان زیاتر لە حەوت مانگ لەوێ مایەوە، نەیتوانی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی دواییی عێراقدا بکات.
 
جیهان تائی بە خەمبارییەوە گوتی: "مۆڵەتەکەمان زیاتر لە دوو ساڵ دواکەوت. تاوەکو مۆڵەتمان وەرگرت، دەرگای بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا داخرابوو. هۆکارەکە ئێمە نەبووین، هۆکار رێکارەکان بوون. بۆیە ئێمە لە مافی خۆمان بۆ بەشداریکردن بێبەش بووین. بەڵام ئینشائەڵڵا بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەکەین."
 
گۆڕەپانی سیاسیی قەرەباڵخی عێراق
 
دامەزراندنی پارتی مەوەدە لە کاتێکدایە کە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق پڕ بووە لە ژمارەیەکی زۆری پارت. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە عێراقدا نزیکەی 470 پارتی سیاسیی تۆمارکراو هەن. زۆربەی ئەم پارتانە لەسەر بنەمای ئەتنیکی، مەزهەبی یان ئایدیۆلۆژیای کلاسیک دامەزراون و سەرکردایەتییان بە زۆری لە دەستی پیاواندایە.
 
لەم چوارچێوەیەدا، دەرکەوتنی پارتێک کە بە شێوەیەکی ئاشکرا خۆی وەک "پارتی ژنان" پێناسە دەکات و ئامانجی سەرەکیی خۆی وەک "بەهێزکردنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی ژنان" دیاری دەکات، وەک هەنگاوێکی نوێ و سەرنجڕاکێش هەڵدەسەنگێندرێت.
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتەکانی دیکە، تائی گوتی کە ئەوان بەتایبەتی لەلایەن پارتە نوێ و مەدەنییەکانەوە، وەک پارتی کۆمۆنیستی عێراق، پشتگیری و پیرۆزباییان لێ کراوە و هەندێکیان لە کۆنگرەی دامەزراندنیشدا ئامادە بوون.
 
پارتی مەوەدەی ژنان ئێستا تەنیا یەک بارەگای لە بەغدا هەیە، بەڵام پلانی هەیە بەپێی بنکەی جەماوەریی خۆی، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش نووسینگەکانی بکاتەوە. تائی دەڵێت، بەشداریکردن لە هەرێمی کوردستانەوە تا ئێستا کەمە، بەڵام هیوادارە لە داهاتوودا ئەم رێژەیە زیاد بکات.